كارەبای سلێمانی زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا ڕادەگەیەنێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا ڕادەگەیەنێت و ئاشكراشیدەكات، "بە سێ قۆناغ 1100 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەبێت ".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبا، كە لەپەیجی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیەكە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە ڕایگەیاندوە، "وەزارەتی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ماوەی چەند مانگی رابردووی ساڵی 2018 توانیویەتی بە تێكرا 2300 مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنێت و بە سەر هاوبەشانی كارەبا دابەشی بكات".

ئاشكراشیكردوە، " لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا گۆڕانكاری لە بەرهەمهێنانی كارەبا ڕوودەدات بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لەگێڵگەكانی (كۆرمۆرو خوڕمەڵە) كە پێشبینیدەكرێت بەرهەمهێنانی كارەبا بە چەند قۆناغێك لەئایندەیەكی نزیكدا دەستپێبكات بە زیادبوونی لە 2300 مێگاوات دەبێتە 3500 مێگاوات، بەمەش بەرهەمهێنانی كارەبا بە ڕێژەی لە 50% بەرەو زیادبوون دەچێت و كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەبێت و هاوڵاتیان سوودمەندی سەرەكی دەبن".

هەر لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەشیخستۆتەڕوو، "وەزارەتی كارەبا بە پێی بەرنامەی دارێژراو دەستیكردوە بەجێبەجێكردنی (پرۆژەی تۆری زیرەك) كە یەكسانی دەبەخشێت بە هاوڵاتیان لەسوودی كارەبا ئەم پرۆژەیە تا كۆتایی ساڵی 2019 بە پێی پلانێكی وەزارەت جێبەجێدەكرێت و كارەبای بە فیرۆچوو كە ڕێژەكەی لە نێوان (25% - 30%) كارەبای بەرهەمهێنراوە دەگەڕێتەوە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی و ئەم زیادەیەش جارێكی تر هاوڵاتیان لێی سوودمەند دەبن".



AM:10:41:13/11/2018