جه‌عفه‌ر ئێمینكی: لە شه‌ش مانگی داهاتودا قه‌یرانی دارایی هەرێم به‌ته‌واوه‌تی كۆتایی دێت

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌خولی چواره‌م  پێشبینی ده‌كات كه‌له‌ شه‌ش مانگی داهاتودا قه‌یرانی دارایی هەرێم به‌ته‌واوه‌تی كۆتایی دێت.

جه‌عفه‌ر ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌خولی چواره‌م  و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیی بە گۆڤاری گوڵان-ی رایگه‌یاندوه‌، " ئەركی خولی پێنجەمی پەرلەمان قورس دەبێت، بەڵام من دڵنیام ئەو بارودۆخە سەخت و پڕ قەیرانەی خولی چوارەم پێیدا تێپەڕی، خولی پێنجەم پێیدا تێناپەڕێت، لە خولی چوارەم زۆر سەركەوتوتر دەبن".

 بە پێی پێشبینییەکانی ئیمنیکی، لەماوەی پێنج تا شه‌ش مانگی داهاتودا، قەیرانی دارایی لە هەرێم بە تەواوەتی كۆتایی دیێت و بارودۆخی دارایی كوردستان دەگەڕێتەوە  ئاستی جارانی.

ئه‌و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، پڕۆژه‌ی چاكسازیی كارگێڕیی بنه‌ڕه‌تی به‌ گرنگترین ئامانجی حکومەت زانی بۆ كابینه‌ی داهاتوو وتی،"ئەوەی لەم پڕۆژەیەدا هاتوە، كۆی چاكسازیی بنەڕەتی لە هەیكەلی ئیداریی حكومەت لەخۆی دەگرێت، چۆن وەزارەتەكان كەم دەكرێنەوە و تێكەڵی یەكتری دەكرێن، ئەمانە هەموی پێویستیان بەوەیە، کە یاسایان بۆ دەربكرێت".

ئیمنیکی باسی لەوەشکرد، "وای دەبینم كە خولی ئەم جارەی پەرلەمان پشتگیری لەم پڕۆژەیە دەكات و سەركەوتوانە پشتگیری هەوڵەكانی حكومەت دەكات".

 


PM:08:49:14/11/2018