پۆلیسی سلێمانی وەڵامی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر دەداتەوە

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە وەلامی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێردا کە وتبووی هەماهەنگیان نییە لەگەڵ پۆلیسی سلێمانیدا دەڵێت، "هه‌ركات نووسراویان بۆ بكه‌ن بۆ ده‌ستگیركردنی هه‌ر تۆمه‌تبارێك ده‌ستگیری ده‌كه‌ن".

لە روونكردنه‌وه‌یه‌كدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە تییادا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاریزگای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات "دوای تۆمەتباركردنی هێزە ئەمنیەكانی پۆلیسی سلێمانی بەداڵدەدانی تاوانباران لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێرەوە، وەك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنین ئەگەر پۆلیسی هەولێر نوسراومان ئاراستە بكەن، هەر تۆمەتبارێكیان هەیە دەستگیری دەكەین‌ و رادەستیان دەكەین".

ئەوەشهاتووە، "هەروەها چەندین كەس هەن كە تاوان لە شوێنێك ئەنجامدەدەن‌ و روو لەشوێنێكی دیكە دەكەن، بەڵام ئەگەر پۆلیسی هەولێرو بەڕێز لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەركەسێك داوادەكەن كە تۆمەتبارەو لە سلێمانیە، ئەوا با نوسراومان ئاڕاستە بكەن دەستگیریان دەكەین‌ و رادەستیان دەكەینەوە".

پۆلیسی سلێمانی باس لەوەشدەکات، "لە چەند ڕۆژی رابردودا چەند هاوڵاتیەكی بەڕەگەز عەرەب كە چەندین تاوانیان ئەنجامداوە لەشوێنی دیكە دەستگیرمان كردونەتەوە و رادەستی شوێنەكانی خۆیانمان كردوه‌تەوە، جگەلەوەش دوو هاوڵاتی بەڕەگەز عەرەب ئۆتۆمبێلی جۆری لاندكرۆزیان پێبووە كە تابلۆی ژمارە سلێمانی بوەو لەدیالە هێرشیانكردوه‌تەسەر هاوڵاتیانی شارەكە، ئێمە دوای ئەوەی زانیاریمان دەستكەوت، تاوانبارەكانمان دەستگیركردو رادەستمان كردونەتەوە".

لە کۆتایی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیدا ئەوەش هاتووە "ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هەمئاهەنگییەكی باشمان هەیە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس لە هەرێمی كوردستان و خواروی عیراقیش، بۆیە هەر تۆمەتبارێك فەرمانی دەستگیركردنی هەبێت و بگاتە دەست پۆلیسی سلێمانی ئەوا دەستبەجێ‌ لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بەدواچوونی تەواو دەكرێت و فەرمانی گرتنەكە جێبەجێدەكرێت و كەسی داواكراو رادەستی شوێنی داواكردنەكەی دەكرێتەوە".

ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15ی تشرینی دووه‌م، عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پۆلیسی پارێزگای‌ هه‌ولێر له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "له‌ ئێستادا هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ئێمه‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانیدا نییه‌، پێشتر چه‌ند كه‌سێك تاوانیان ئه‌نجامداوه‌ و هه‌ڵاتون بۆ شاری‌ سلێمانی‌ و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك به‌رپرس له‌سلێمانی‌ داڵده‌ دراون و راده‌ستی‌ ئێمه‌ ناكرێنه‌وه‌، بۆ ئەو مەبەستەشبه‌نوسراوی فەرمی داوایان له‌پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی‌ كردوه‌ ئه‌و تۆمه‌تبارو تاوانبارانه‌مان ئاراسته‌ بكه‌ن، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌.


PM:01:58:15/11/2018