پەرلەمانتارێكی عیراق قسەی لەسەر نوێژە بە بارانە هەیە

پەرلەمانتارێكی عیراق كە بەلێدوانە سەیر و سەمەرەكانی ناسراوە، لەبارەی نوێژە بارانەوە  توێتێكی جیاواز بڵاودەكاتەوە.

فائیق شێخ عەلی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە بەوەناسراوە لێدوانی نامۆ و سەیروسەمەرە دەدات، ئەمجارەشیان تویتێكی نامۆ لەبارەی پێشكەشكردنی یاسایەك بڵاودەكاتەوە بۆ رێگریكردن لە ئەنجامدانی نوێژە بارانە لەوڵات.

فائیق شێخ عەلی لەتویتێكیدا كە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردۆتەوە و پێدەچێت وەك تەنزێك بڵاویكردبێتەوە لەبەرامبەر ئەو زیانە زۆرەی بەهۆی لافاوەوە روویداوە، دەڵێت: لافاو وڵاتی كوەیت و شاری بەسڕە و چەند شارێكی تری باشوری عیراقی گرتۆتەوە و زیانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

دەشڵێت، بەهۆی  زیانەكانی ئەو لافاوەوە، پەرلەمانتارانی كوەیت لەوڵاتەكەی خۆیان و پەرلەمانتارانی بەسڕەش لەعیراق سەرقاڵی پێشكەشكردنی پرۆژەیاسایەكی پێشنیازكراون بۆ دیاریكردنی سزا بۆ ئەو ئیمام و مەلایانەی  پێشنوێژی نوێژە بارانە دەكەن و سزاكەشی لەسێدارەدان بێت تامردن.

ئەو تەنزەی ئەو پەرلەمانتارە دوای لێدوانەكانی پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق دێت كە رایگەیاندبوو: بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە7 ملیار دیناری عیراق لەناوچوون.



PM:08:24:15/11/2018