شۆڕش حاجی: پارتی پێی باشە گۆران بەشداری لە حکومتدا بکات

شۆڕش حاجی وتەبیژی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان پێی خۆشە بەشداری حکومەت بکەن.

ئەمڕۆ شەممە ١٧ی تشرینی دووەم  کۆبونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی بەڕێوەچوو لە دوای کۆبونەوەکەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا شۆڕش حاجی  وتی، "دانیشتنێکی تێروتەسەلمان کرد، برایانی پارتی ویستی خۆیان دەربڕی، کە ئەوان پێیان خۆشە بزووتنەوەی گۆڕان بەشدار بێت لە حکومەت".

وتیشی، "کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک، کە لە بەرژەوەندی خەڵكی کوردستاندا بێت".

هەر لە کۆنگرەکەدا مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی رایگەیاند، سەردانی ئەو لایەنانە دەکەن کە خوازیارن لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا بەشداری بکەن.

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ برایانمان لە گۆڕان بیروڕامان گۆڕییەوە... ئەوەی مەبەستمانە ئەوەیە، کە حوکمڕانییەکی سەرتاسەری لە کوردستان دروست ببێت و ببێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و رەوشی دارایی خەڵکی هەرێمی کوردستان".
 





PM:04:06:17/11/2018