لەبارەی دزینی پارەی نەخۆشانی شێرپەنجە ڕوونكردنەوە دەدرێت

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عێراق رایگەیاند كە دزین و بەهەدەردانی پارەی چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە دوورە لەراستییەوە.

سەیف ئەلبەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند هەر دەنگۆیەك دەربارەی دزین و بەهەدەردانی دەرمانی چارەسەری توشبوانی شێرپەنجە بڵاوكراوەتەوە، ناڕاستە و ئەگەر شتێكی وا لەئارادابێت، دەبێت بەڵگەی پێویست بخرێتەڕوو.

وتیشی "عەلا عەلوان، وەزیری تەندروستی ئەو بابەتەی خستوەتە ئەولەویەتی كارەكانیەوە و زنجیرەیەك كۆبونەوەی جددی و وردی دەربارەی سیاسەتی گشتی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی ئەنجامداوە".

ئەمڕۆ جەواد موسەوی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، یەكەم كاری لیژنەكەمان كردنەوەی دۆسیەی بەهەدەردان و دزینی پارەی چارەسەری توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجەیە كە لە كاتی وەزیری پێشوودا عەدیلە حەمود روویانداوە كە بە بەهای ملیۆنان دۆلار دەبن بەهەدەردانەكان.



PM:02:48:18/11/2018