وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی لە بەرژەوەندی چەمچەماڵیەکان دەرکرد

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بە لێکترازاندنی ژمارەیەک فەرمانگە لە پەیکەری ڕێکخستنی ئیدارەی گەرمیان و بەستنەوەیان بە پەیکەری ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتیەکانی سلێمانی.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا کە بە ژمارە 17574 لە 18/11/2018 دەرچووە و وێنەیەکی دەست "سپی میدیا" کەوتووە، ھاتووە "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە لە ھەردوو مادەی 3 بڕگەی یەک و مادەی 4 بڕگەی دوو لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 6ی ساڵی 2009 و لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان، بڕیارمان دا بە لێکترازاندنی فەرمانگەی ڕەگەزنامە، باری شارستانیی چەمچەماڵ، ئاغجەلەر، سەنگاو و قادر کەرەم لە پەیکەری ڕێکخستنی ئیدارەی گەرمیان و بەستنەوەی بە پەیکەری ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی/1 لە پەیکەری ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی ھەرێمی کوردستان".

بڕیاریش دراوە بە "لێکترازاندنی بنکەی پۆلیسی کارەبای چەمچەماڵ لە پەیکەری ڕێکخستنی ئیدارەی گەرمیان و بەستنەوەی بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کارەبای سلێمانی لە پەیکەری ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس"، لە نووسراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە فەرمانەکە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.

پێشتر قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ بە نووسراوی ژمارە 34 لە 30/10/2018 داوای لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، بە مەبەستی کارئاسانی و ھاوکاریکردنی ھاووڵاتییانی سنووری قەزای چەمچەماڵ و دووریی ڕێگای نێوان چەمچەماڵ - کەلار و کەمدەرامەتیی ھاووڵاتییانی سنوورەکە، ڕەزامەندی نیشان بدات بە گواستنەوەی فەرمانگەی ڕەگەزنامە، باری شارستانیی چەمچەماڵ، ئاغجەلەر، سەنگاو و قادرکەرەم بۆ سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانی/1.



PM:01:45:19/11/2018