بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک، داوایەکی ئاراستەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
عەمید سەرحەد قادر لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باسی لە بایەخی سەردانەکەی بارزانی کردووە بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی عێراقدا.
لە داواکەیدا سەرحەدا قادر نوسیوویەتی، خۆزگە دوای گەڕانەوەی لە بەغدا، بارزانی دەستپێشخەرییەکی بۆ هەرێمی کوردستانیش بکردایە و سەردانی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی دەستپێبکردایە، بە ئامانجی لێکنزیککردنەوە و ئاشتبوونەوەی نێو ماڵی کورد، لە بەرامبەر هەموو ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکەدا هاتوونەتە پێشەوە.
ئەو وتانەی سەرحەد قادر لەکاتێکدایە، دوێنێ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی شاری بەغدای کرد و لەگەل سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی بەغدا کۆبووەوە.