وێنە...بارهەڵگرێک لە دەربەندیخان خۆی بە ١٢ ئۆتۆمبێلدا دەکێشێت

ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر لەناو بازاڕی قەزای دەربەندیخان لە ئەنجامی نەمانی کۆنترۆڵ وەرگەڕاو ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی شێلا، هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.

لە کاتژمێر 9:00ی ئەمشەو 24ی تشریینی دووەم، ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر كە شۆفێرەكەی عەرەب بووە، كاتێك لەتونێلی دەربەندیخانەوە هاتوەتە خوارەوە، بەهۆی نەمانی ئستۆپەوە لەنزیك بینای قائیمقامیەتی قەزاكە وەرگەڕاوە.

بەوتەی سەرچاوەیەک بۆ "سپی" بەر لە وەرگەڕانی بارهەڵگرەکە خۆی كێشاوە بەژمارەیەك ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیاندا كە لەسەر شەقامی سەرەكی ناوبازاڕی دەربەندیخان بوون و زیاتر لە 12 ئۆتۆمبێلی شێلاوە،

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە لە ئەنجامی ئەو روداوەدا زیانێکی زۆری ماددی بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتوون بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووەو شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكەش لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی دەربەندیخانەوە دەستگیركراوە.  
 
هاوکات رائید رێژەن بورهان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی شارۆكەی دەربەندیخان رایگەیاند، بارهەڵگرەكە دوای ئەوەی لە ناو بازاڕەكە 12 ئۆتۆمبێلی شێلاوە لە بەردەم بارەگای حزبی شیوعی وەرگەڕاوە و سەرنشینێكی ناو بارهەڵگرەكە بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شارۆكەكە كراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.




PM:10:41:24/11/2018