هەڤاڵ ئەبوبەكر باس لەو 11 هەزار ئیشە دەکات کە لە 11 مانگدا ئەنجامیداوە

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی باس له‌و 11 هه‌زار ئیشه‌ ده‌كات كه‌له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا باسی كرد و رایگه‌یاند، خەڵك لە كوردستان دەنگ بەوكارانە نادات كە كەسێك كردویەتی خەڵك لەوكاتەدا دەنگ بەو وتارە میدیاییە دەدات كە بانگەشەی بۆ دەكرێت.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە وتوێژێكدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د، رۆژنامه‌نووس له‌ ده‌نگی ئه‌مریكا باسی لەو خزمەتگوزاریانە كرد كە لەماوه‌ی دەست بەكاربونیدا وەك پارێزگاری شارەكە كردویەتی و وتی "ئەو ئیشانەی من كردومە نەك هەر خەڵكی سلێمانی، خەڵكی دهۆك و هەولێر و ڕەوەندی كوردیش لەگەڵیەتی ئەوەی كە ئێوە دەیكەن بە رەئی خەڵك چەند كۆمێنتێكی فەیس بووكە كە نازانرێت خاوەنەكانی كێن؟ ئەو ئیشانەی ئێـمە كردومانن بەخزمەتكاری بۆ خەڵك كردومانە نەك بەمنەت نەهاتوین لەمیدیادا بانگەشەی بۆ بكەین".

راشیگەیاند "بۆ زیانلێكەوتوانانی لافاوەكەی قەڵادزێ و گوندەكانی قەندیل و دۆڵی شاورێ ئەگەرچی لەسنوری پارێزگای سلێمانی نین، بەڵام بەشێكی لەسەر پارێزگای سلێمانی و بەشێكیشی بەسوپاسەو لەلایەن حكومەتی عیراقیەو توانیومانە سوتەمەنیان بۆ دابین بكەین".

دەربارەی ئه‌و رەخنەیه‌ی كه‌ لێی گیرا له‌ ئه‌نجامی چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا وتی له‌ماوه‌ی 11 مانگدا، 11 هه‌زار ئیش و پڕۆژه‌ی كردووه‌، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر وتی" ئێمه‌ نەمانوتووە یانزە هەزار پڕۆژە وتمان یانزە هەزار ئیش، ئەو كارانە دەتوانن بێن بە لیست وەریبگرن، جگە لەوە ئەو كارانەمان تەنها بە پارەی حكومەت نەكردووە جگە لەوەی بەشێكیان بەگەڕخستنەوی پڕۆژەكانن، سوپاس بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پشتیوانمان بووە كە لەم قەیرانەدا 60 ملیار دینارمان وەرگرتوه‌تەوە، پارەیەكی (مۆڵ-مان) وەرگرتووە بۆ كارەبا و ئاو، لەهەمانكاتدا كەرتی تایبەتمان چالاككردوه‌تەوە، پشتێكی گەورەمان بەسەرمایەدارەكانمان بیستووە".

سەبارەت بەوەی ئەگەر ئێستا خۆت كاندید بكاتەوە چەندە دەنگ دەهێنێ؟ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی: "خەڵك لەكوردستان دەنگ بەوكارانە نادات كە كەسێك كردویەتی خەڵك لەوكاتەدا دەنگ بەو وتارە میدیاییە دەدات كە بانگەشەی بۆ دەكرێت ئەگەر مەسەلە ئیشكردن بووایە دەبوو هێزە دەسەڵاتدارەكان كەلەچەند ساڵی رابردوودا كوردستانیان وێران كردووە دەبوو كەمترین دەنگیان بهێنایە بەڵام ئەنجامەكان وای دەسەلمێنن كە ئەو خەڵكە زۆرترین دەنگی بەوانە داوە بۆیە قسەكە لەكوالێتی و ژمارەی ئیش نیە، بەڵكو دەكەوێتە سەر ئەو وتارە میدیایەی كەلایەنێكی سیاسی لەكاتی دەنگداندا دەتوانێت قەناعەتی بە دەنگدەرێك بكات كەدەنگی بداتێ".

وتیشی: "ئەمە مەتەڵ نیە، كەهاتە سەر دەنگدان دەبێت ئێـمە موحاسەبە بكرێین لەسەر چی دەنگمان دەدەنێ یاخود نا، ئایا دزیمان كردووە؟ گەندەڵیمان هەبووە، موڵكی دەوڵەت و ئۆتۆمبێلی دەوڵەت و سوتەمەنیمان بۆ خۆمان بەكارهێناوە ئایا بازرگانی نەوت دەكەین؟ سەرانە لەخەڵك دەسەێنین راوو رووت دەكەین؟ ساختەكاری دەكەین لە دەنگداندا؟ خەڵك دەزانێت هەموو ئەوانەمان نەكردووە، بەڵام ئەو پێوەرە لەلای خەڵكە، خەڵك دەتوانێت مۆدێلێكی تر تاقی بكاتەوە بۆیە ئێمە ناتوانین بڵێین چەندە دەنگدەهێنین خۆ ئێمە ساختەكاری ناكەین، بەڵام دەتوانن لەدەنگدەرەكانمان بپرسن یا لەوكەسانەی كە لەدژایەتیەوە بوونە پشتیوانمان بۆ ئێستا بونە پشتیوانمان؟ ئێمە بە كردار مۆدێلێكی نوێی مەدەنی و حكومەتی هاوڵاتیمان دروست كردووە كە ئێمە لێرە بەتەنها پارێزگاری گۆڕان نین پارێزگاری هەموو كەسێكین بەوانەی ئینتماشیان نیە ئێمە ئەو پەیامەمان گەیاندووە و ئەو ئیشەمان كردووە".

دەربارەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی عیراق بۆ شار و شارۆچكەكانی تری عیراق؟ پارێزگاری سلێمانی وتی: "تا ئەم رۆژەی قسە دەكەین پەنجا هەزار ئاوارە لەسلێمانی ماون، بەڵام جیاواز لەشار و شارۆچكەكانی تری هەرێم لە شاری سلێمانی ئێمە پەناهندەشمان هەن كە هاوڵاتیانی رۆژهەڵات و باكورن، تائێستا حكومەتی عیراقی هاوكاری ئەو ئاوارانەی كردوو لە كوردستان، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێمە هەمانە حكومەتی عیراقی پشتیوانی مانەوەی ئەو ئاوارانە ناكات لە هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە تا 31/12/ ئەمساڵ هاوكاریەكانی بەردەوام بێت، ئەوەش وەك هاندانێك تا بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان، بۆیە ئێمە ئێستا لەهەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەداین، چونكە بەشێك لەو ئاوارانە گەڕابونەوە شوێنەكانی خۆیان، بەڵام جارێكی تر گەڕاونەتەوە كوردستان، ئەمجارە وەك میوان گەڕاونەتەوە كوردستان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاسایش لەناوچەكانی خۆیان ئەوانەش پێویستیان بە خزمەتگوزاریە بۆیە ئێستا لەهەوڵی چارەسەری ئەوەداین."

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش وتی: "ئەوە بابەتێكە دەبێت حكومەتی هەرێم بڕیاری لێبدات ئێمە لەگەڵ ئەوەبوین لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرایە واتە 30/4/ بكرایە، بەڵام نەكراوە بەپێی ئەو ماوە یاساییانەی كەیاساكان دیارییان كردووە هەموو ماوە یاساییەكان تەواو بون".

وتیشی "بەڵام پارێزگار لەكارەكەی بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگا هەڵدەبژێردرێت و ئەنجومەنی نوێ هەڵدەبژێرێت، وە ئەنجومەنیش پارێزگارێكی نوێ هەڵدەبژێرێت و دەستاودەستی دەسەڵات دەكەین".



AM:10:07:29/11/2018