پۆلیسی‌ سلێمانی‌ كەسێك دەستگیردەكات

بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی رایدەگەیەنێت كە بنكەی‌ پۆلیسی‌ بەختیاری‌ تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوە كە "بەناوی‌ وەرگرتنی‌ نەوتەوە، كارتی‌ نەوت‌و بڕی‌ 50 هەزار دیناری‌ لەژمارەیەك هاوڵاتی‌ وەرگرتووەو نەوتەكەشی‌ بۆ وەرنەگرتون".

بەشی‌ راگەیاندن‌ و پەیوەندییەكانی‌ بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی‌ بۆ "سپی میدیا" نێردراوە، ئاشكرایدەكات "بەتۆمەتی‌ فێڵكردن لەهاوڵاتیان كە گوایە نەوتیان بۆ وەردەگرێت، لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ بەختیاری‌ سەر بەبەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانییەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا".

دەشڵێت: تۆمەتبارەكە بەناوی‌ وەرگرتنی‌ نەوتەوە، كارتی‌ نەوت‌و بڕی‌ 50 هەزار دیناری‌ لەژمارەیەك هاوڵاتی‌ وەرگرتووەو نەوتەكەشی‌ بۆ وەرنەگرتون، پاش تۆماركردنی‌ چەند سكاڵایەك لەسەری‌، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ بەختیاری‌ توانیان تۆمەتبارەكە دەستگیر بكەن. 
هەر لەو راگەیەندراوەدا ئەوشخراوەتەڕوو كە تۆمەتبارەكە"ناوی‌(هـ.ع.ق) لەدایكبوی‌ ساڵی‌ 1985 دانیشتوی‌ شاری‌ سلێمانییە"، لەئێستا بەبڕیاری‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ 457 لەیاسای‌ سزادانی‌ عیراقی‌ بەندەو"دانی‌ بەتاوانەكەیدا ناوە".

بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی داواش لەهاوڵاتیان دەكات كە"بەهیچ شێوەیەك مامەڵەی‌ لەو جۆرە لەگەڵ هیچ كەسێكدا نەكەن تاروبەروی‌ ئەم حاڵەتە نەخوازراوانە نەبنەوە".



PM:02:47:10/12/2018