عادل عەبدولمەهدی وەڵامی راگەیەندراوەکەی حەیدەر عەبادی دەداتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەڵامی راگەیەندراوەکەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشوو دەداتەوە و ئەو ئامانجانەش دەخاتەڕوو کە بەهۆیەوە بڕیارەکانی عەبادی پێ هەڵوەشێنراونەتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردوەتەوەو ئاماژەی بەوەکردووە، "هەندێک ناڕوونی و هەڵچوون لە گواستنەوە، ناوردی و هەوڵدان بۆ ورووژاندنی هەست و سۆز هەیە، لەبارەی بڕیارەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارانەی لە 1-7-2018 تاوەکو 24-10-2018 لەلایەن حکومەتی حەیدەر عەبادی لەماوەی کاربەڕێکردنیدا دەرچوون".  

ئەوەش هاتووە "ئامانجی راستەقینە لەو بڕیارانەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران یەکەم: دووپاتکردنەوە و جێگیرکردنی بڕیاری یاساییە، کە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و بەرژەوەندی گشتی دەستبەربکات و دووپاتکردنەوەی بەردەوامیی کاری حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانە. دووەم: راگرتنی بڕیارە نایاساییەکانە. ئەمانەش دوای  پێداچوونەوەی ورد، ئەنجامدراون".

دوێنێ چوارشەممە 12ی کانونی یەکەم حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە راگەیێندراوێکدا ئامماژەی بەوەکرد "بە سەرسوڕمانێکی زۆرەوە لە بڕیاری رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەڕوانین، کە کارکردن بە بڕیار و راسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکوەزیران لەماوەی 1-7-2018 تاوەکو 24-10-2018 راگرتووە. ئەم رێوشوێنە لەگەڵ چەمکەکانی دەوڵەتی دامەزراوەیی ناگونجێت، کە پێویستە دەوڵەت لەسەری بڕوات".



AM:09:38:13/12/2018