وەزارەتی دادی عێراق هەڵهاتنی چەند زیندانیەک لەسنوری سلێمانی ڕەتدەکاتەوە

وەزارەتی دادی عێراق ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لە هەڵهاتنی ژمارەیەك زیندانیی و لە نێویشیاندا ژمارەیەك سەركردەی داعش لە گرتووخانەی سوسێ دەكەن.

وەزارەتی داد لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە ئەو هەواڵانەی باس لە هەڵهاتنی ژمارەیەك زیندانیی دەكەن ناڕاستن و جەختیكردەوە لەوەی رێوشوێنی ئەمنی زۆر توندیش لە گرتووخانەكاندا گیراونەتەبەر.

وەزارەتەكە داواشی لە دەزگاكانی راگەیاندن كرد لە گواستنەوەی زانیارییەكاندا راستگۆیی رەچاو بكەن، بەتایبەتیش ئەو هەواڵانەی كە پەیوەندییان بە گرتووخانەكانەوە هەیە، چونكە زیان بە ئاسایشی وڵات دەگەیەنن.

وەزارەتی داد بە پێویستیشیزانی دەزگاكانی راگەیاند هەواڵەكان لە سەرچاوە فەرمییەكانەوە وەربگرن و خۆیان لە بڵاوكردنەوەی "زانیاری درۆ و هەڵبەستراو" بپارێزن.

ئەم روونكردنەوەیەش دوای ئەوە هات كە ژمارەیەك كەناڵ و ماڵپەڕی كوردی و عەرەبی هەواڵی هەڵهاتنی 18 زیندانیی نێو گرتووخانەی سوسێیان بڵاوكردبووەوە، گوایە 10كەسیان دەستگیركراونەتەوە وگەڕان بەدوای 8 زیندانییەكەی دیكەدا بەردەوامە.



PM:02:45:13/12/2018