ئاژانس: بەرپرسێكی باڵای پارتی لە پۆستەكەی دووردەخرێتەوە

پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی لە پۆستی سكرتێری مەكتەبی سیاسی دووردەخاتەوە و پۆستەكە دەداتە هۆشیار زێباری خاڵی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی.

ئەمڕۆ چوارشەممە رۆژنامەی "ئاژانس" لە زاری سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی ناو مەكتەبی سیاسی پارتییەوە بڵاویكردووەتەوە "بڕیارە ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتیدا بكرێت و فازڵ میرانی لەو پۆستە لابدرێت و لە جێگەی ئەو هۆشیار زێباری دابنرێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "بڕیارەكە نیگەرانی فازڵ میرانی لێكەوتووەتەوە كە بەهۆی پرسی كاندیدكردنی مەسرور بارزانی بووە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت و هەر لەبەر ئەو هۆكارەش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بۆ دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت بەشداری نەكردووە".

هەر لەمبارەیەوە نووری حەمەعەلی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند "فازڵ میرانی مۆڵەتی وەرگرتبوو، بۆیە بەشداری ئەو كۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی سەركردایەتی نەكرد".

فازڵ میرانی لە ناو پارتیدا بە كەسێكی نزیك لە "نێچیرڤان بارزانی" جێگری سەرۆكی پارتی هەژماردەكرێت و پێشتر چەند جارێك لە رێگەی میدیاكانەوە ئاماژەی بەوەدا، "نێچیرڤان بارزانی" كاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت.



AM:11:32:26/12/2018