پۆلیسی‌ سلێمانی‌ هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دەستگیركردنی‌ كەسێك ڕاگەیاند كە دەوترێت "فێڵ"ی لە هاوڵاتیان كردووە و وردەكاریەكەشی‌ ئاشكرادەكات.

بەگوێرەی‌ ڕاگەیەنراوێكی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ئیبراهیم ئەحمەد تۆمەتبارێكیا دەستگیركردوە كە فێڵی‌ لەهاوڵاتیان كردوە.

لەو ڕاگەیەنراوەدا كە وێنەیەكی‌ بۆ "سپی میدیا" نێردراوە تێیدا هاتوە "ئەو تۆمەتبارە هەستاوە بەفێڵكردن لەهاوڵاتیان و پارەی لێوەرگرتون گوایە دایاندەمەزرێنێت، یان زەویان بۆ وەردەگرێت یاخود خەنەنشینیان دەكات".

پۆلیس ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە تۆمەتبار (م، م، ع) دانیشتوی شاری سلێمانیە و لەئێستاشدا بەفەرمانی داوەرو بەگوێرەی‌ مادەی 456 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.

هاوكات پۆلیس پەیامێك ئاراستەی‌ هاوڵاتیان دەكات و داوادەكات، "بەو جۆرە كەسانە هەڵنەخەڵەتێن و لەكاتی بونی هەر ڕوداوێكی لەو شێوەیەش دەستبەجێ‌ لایەنە پەیوەندیدارەكان و هێزەكانی پۆلیسی لێ‌ ئاگاداربكەنەوە".



AM:11:46:26/12/2018