ماوەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا درێژكرایەوە

دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمەریكا رەزامەندی لەسەر درێژكردنەوەی وادەی كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لەسوریا بۆ ماوەی 4 مانگ راگەیاند.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی ترامپ لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ عێراق‌و پاش كۆبوونەوە لەگەڵ  پۆل لاكامێرا، فەرماندەی ئۆپەراسۆنی سەربازیی دژی داعش/ رەزامەندی دەربڕیوە كە هێزەكانیان لەسوریا تا چوار مانگ درێژ بكاتەوە.

لەلایەكی ترەوە ترامپ لەسەر كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لەسوریا رەخنە لەمیدیاكانی وڵاتەكەی دەكات‌و رۆژی دووشەممە لەتویتێدا نوسی: من تەنیا كەسی ئەمەریكام كە دەتوانێت بڵێت "هێزەكانمان بەسەركەوتویی دەگەڕێنەوە ماڵەوە"‌و كەچی لەلایەن میدیاكانەوە هەر توشی رەخنە ببم.

ترامپ دەنوسێت: ئەگەر بڕیارم بدایە هێزەكانمان لەسوریا بەردەوام بوایەتن، دیسان دەكەوتمە بە رەخنەی میدیاكانی ئەمەریكا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی ئاسۆشیتدپرێس، رەخنەگرانی ترامپ دەڵێن كشانەوەی خێرای سوپای ئەمەریكا لەسوریا دەبێتە هۆی هەستانەوەی چەكدارانی داعش‌و زیانێكی زۆریش بەر كوردی سوریا دەكەوێت كە لەو شەڕەدا هاوپەیمانی ئەمەریكا بوون.



PM:01:32:01/01/2019