وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردە و داهاتی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی رابردودا زیاتر لە ١١٥ ملیۆن بەرمیل هەناردەی دەرەوە کراوە، کە بڕی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار داهاتی هەبووە.

 لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە (٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٩)بڵاوکراوەتەوە، تیایدا عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) سەرجەمی هەناردەی نەوتی خاو لەو مانگەدا گەیشتووەتە ١١٥ ملیۆن و ٥١٧ هەزار و ٩٧٤ بەرمیل.

ئەوەشهاتووە، بڕی نەوتی هەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوری عێراقەوە گەیشتووەتە ١١٢ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار و ٣٦٧ بەرمیل ، لەکاتێکدا بڕی هەناردەی کێڵگەکانی نەوتی باکور لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە لەو مانگەدا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٦٧ هەزار و ٦٠٧ بەرمیل.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، لەو بڕە نەوتەی کە لە مانگی ڕابردوودا فرۆشراوە، بڕی شەش ملیار و ٩٩ ملیۆن و ٦٦٢ هەزار دۆلار داهاتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەستەبەرکردووە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا ٥٢ دۆلار و ٨٠ سەنت بووە.



PM:06:58:02/01/2019