پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژی منداڵە سێ ساڵانەکەی کەمپی عەربەتی راگەیاند

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی "بکوژ"ی ئەو منداڵە سێ ساڵانەیەی کەمپی عەربەتی راگەیاند، کە دوای دوو رۆژ لە ونبوونی تەرمەکەی دۆزرایەوە.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پاش ئەوەی رۆژی 2018/3/29، منداڵێكی تەمەن سێ ساڵ بەناوی (مستەفا) بەرەگەز كوردی رۆژئاوای كوردستان لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا لەكەمپی باریكە دیارنەما، هەر ئەو كات‌و پاش بێ هیوا بون لەدۆزینەوەی منداڵەكەیان، دایك‌و باوكی مستەفا لەبنكەی پۆلیسی عەربەت سكاَلای یاساییان تۆماركرد.

ئەوەشخراوەتەڕوو، پاش گەڕان بەدوای چارەنوسی منداَلەكە، رۆژی 2018/4/1، لاشەی مستەفا بەمردویی دۆزرایەوە لەسەر رێگای عەربەت- زەڕایەن،دواتر هێزەكانی پۆلیس دەستیانكرد بەلێكۆڵینەوەو لەرێكەوتی 2018/8/9 تۆمەتبارێك بەناوی (م، ك، ح) بەگومانی ئەنجامدانی تاوانەكە دەستگیركرا، بەڵام لەلێكۆڵینەوەكاندا تۆمەتبار نكۆڵی لەتاوانەكەی كردو بێ ئاگایی خۆی لەروداوەكە نیشاندا.

سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەشکرد، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی عەربەت بەردەوام بون لەلێكۆڵینەوەو كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر روداوەكە، پاش پشكنینی ئوتومبێلی تۆمەتبار هەندێك بەڵگەی لەسەر كۆكرایەوە، وەك خوێن‌و موی قژ، هەروەها بەجل‌و بەرگی منداڵەكەو لەناو ئوتومبێلی تۆمەتباردا هەندێك وردە تەبەدۆر دۆزرایەوە ئەوەش وایكرد كە سەرەداوەكانی روداوەكە ئاشكرا ببن، بۆیە دواجار تۆمەتبار لەرێكەوتی 2019/1/2 دانی نا بەتاوانەكەیدا.

وتەبێژی پۆلسیی سلێمانی دانپێدانانی تۆمەتبارەکەی ئاشکرا کرد و وتی، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا منداڵەكەی شێلاوەو دوایی خستویەتییە ناو سندوقی ئوتومبێلەكەیەوەو بەرەو ناحیەی زەرایەن بردویەتی، پاشان كە زانیویەتی منداڵەكە مردووە هێناویەتییەوە بۆ كەمپەكە بەو نیازەی لەبەردەم ماڵی منداڵەكەدا فرێی بدات، بەڵام بەهۆی بونی خەڵكەوە لەنزیك ماڵی منداڵەكە، نەیتوانوە ئەو كارە بكات، بۆیە دوبارە تەرمەكەی بردۆتەوە بۆ دەرەوەی كەمپەكەو لەسەر شەقامی گشتی بەجێیهێشتووە، بۆ فریودانیش تۆمەتبار دوای ئەم كارەی لەگەڵ كەس و كاری منداڵەكەدا گەڕاوە بۆ دۆزینەوەی منداڵەكە.

پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشکردووە، لێرەدا گرنگە ئەرك‌و وریایی هێزەكانی پۆلیس بەرز بنرخێنرێت بۆ دۆزینەوەو ئاشكراكردنی تۆمەتباران‌و راپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا.




PM:12:57:03/01/2019