دادگا روونکردنەوە لەسەر کەیسی ئەکبەری حاجی رۆستەم دەدات

دادگا لەسەر کەیسی ئەکبەر حاجی رۆستەم و کورەکانی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.
دەقی روونکردنەوەکە..
لەكاتێكدا هێشتا كەیسی تۆمەتبار (س.ئـ .ر)لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە، مەخابن هەندێك كەناڵی راگەیاندن و لایەنی دیاریكراو دەستیان بردوە بۆ شێواندنی و دەیانەوێت لەرێی چەواشەكردنی راستییەكان، ئاڵۆزی دروست بكەن و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بشێوێنن و مۆركی سیاسی لە رێكارە‌ یاسییەكانمان بدەن. بەم رونكردەوەیە هەموو ئەو تۆمەتانە پوچەڵدەكەینەوە و رای گشتی ئاگادار دەكەین كە:

١. لە ٢ی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ (ح.ر)، سكاڵای یاسایی لەسەر‌ (ئـ. ح. ر) ی برای و دوو كوڕی (ئـ) بە ناوەكانی (س) و (ن) تۆماركرد‌ بەهۆی ئەوەی (ئـ و س و ن) هەڕەشەی كوشتنیان كردوە لە (ح)و كارەبای (ح) یان بڕیوە،دادوەر بە مادەی ٤٣٠ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ فەرمانی گرتنی بۆ (ئـ ، س ، ن) دەركرد.
٢. (ئـ) لەبەر ئەوەی موقەدەمی خانەنشینە و رایكردوە بۆ هەولێر، دەستگیر نەكرا بەڵام‌ لەسەر ئەم سكاڵایە، (ن و س) لە ١٠ی ١٢ی ٢٠١٨ دەستگیر كران لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە.
٣. لەبەر ئەوەی (ن) خوێندكارە بە پاساوی دوانەكەوتن لە خوێندنەكەی، بە كەفالەتی (٥) ملیۆن دینار ئازاد كرا و(س) بە كەفالەتی (٢٠) ملیۆن دینار بڕیاری ئازادكردنی درا.
٤. بەڵام لەبەر ئەوەی (س) لەسەر كەیسێكی تر لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی لە رۆژی ١٨ی ١١ی ٢٠١٨، بەمادەی ٢٦٤ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩داواكراوبووە، بۆیە بە كەفالەت ئازاد نەكرا، و دادگای لێكۆڵینەوەی كفری لە رۆژی ٢٦ی ١٢ی ٢٠١٨ بڕیاری دا بە ناردنی (س.ئـ) بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی.
٥. لە رۆژی ٢٧ی ١٢ی ٢٠١٨ پۆلیسی گەرمیان هەستا بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی دادگای كفری و بە مەفرەزەیەكی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان، تۆمەتبار (س. ئـ)ی نارد بۆ بنكەی پۆلیسی دادگای سلێمانی و، ناوبراو رادەست بە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی كرا.
٦. لە ٢٢ی ٧ی ٢٠١٨، (ئـ .ح .ر) و كوڕێكی تری بەناوی (س) ، لەسەر سكاڵای هاوڵاتی (ع. م. ع) فەرمانێكی تری گرتنیان  لە بنكەی پۆلیسی كفری،‌ بە پێی مادەی ٤٠٥ بڕگەی (٣١) لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ دەكراوە، بەهۆی ئەوەی (ئـ) و(س )، قاچی (ع) یان شكاندوە.
٧. لەبەر ئەوەی (ئـ) موقەدەمی خانەنشینی پارتییە و (سـ)ی كوڕی پێشمەرگەی زێرەڤانییە، دەستگیر نەكراون و هەرچەندەش پۆلیسی گەرمیان نوسراویان كردوە بۆ لایەنە پەیوەندارەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە و زێرەڤانی، بەڵام تا ئێستا لایەنە پەیوەندارەكان لە هەولێر هیچ رێوشوێنێكی یاساییان بۆ لێپێچنەوە لە (ئـ) و كوڕەكەی نەگرتۆتە بەر.
٨. لە ٢ی ١ی ٢٠١٩، جارێكی تر برایەكی (ئـ) بەناوی (ح) كە لەدایكبوی ١٩٥٥ و عەمیدی هێزەكانی (٨٠)ی پارتییە، سكاڵایەكی تری لەسەر (ئـ) و دوو كوڕی تری (ئـ) بەناوەكانی (م) و (ع) تۆمار كردوە و دادگای لێكۆڵینەوەی كفری بە پێی مادەی ٤٧٧ لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی گرتنی بۆ (ئـ) و (م) و (ع) دەركردوە.
٩. دەستگیركردنی (س.ئـ) لەسەر فەرمانی دادگا و پشتبەستوو بە بەڵگە و بەپێی رێكارە یاساییەكان بەڕێوە چووە، (س) لە كفری و سلێمانی، پارێزەری هەبوە و چاوی بە كەسوكاری كەوتوە و لەچوارچێوەی مافەكانی مرۆڤدا مامەڵەی لەگەڵ كراوە.




PM:03:43:05/01/2019