موحەمەد حەکیم: نەوەکانی پارتی و یەکێتی حسابی خۆیان نازانن


کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی، موحەمەد حەکیم دەڵێت " لە راستیدا ھەموو حزبەکان، بە تایبەتی پارتی و پاشان یەکێتی، قەرزاری ھەموو کورد و خوێنی شەھیدانن، کە بەم ڕۆژە گەیشتون، ھەم حزبەکانیان و ھەم دەسەڵاتداران و نەوەكانیان، حیسابی خۆیان نازانن، بە درێژایی مێژوو، کوردیان توشی دەیان گرفت و کێشە و دەردەسەری کردووە".

موحەمەد حەکیم لە نووسینێکدا لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە بەناونیشانی " ئایە کۆمەڵ قەرزاری ھیچ حزبێکە؟!، دەڵێت " لە راستیدا ھەموو حزبەکان، بە تایبەتی پارتی و پاشان یەکێتی، قەرزاری ھەموو کورد و خوێنی شەھیدانن، کە بەم ڕۆژە گەیشتون، ھەم حزبەکانیان و ھەم دەسەڵاتداران و نەوەكانیان، حیسابی خۆیان نازانن، بە درێژایی مێژوو، کوردیان توشی دەیان گرفت و کێشە و دەردەسەری کردووە، ئەوەش کە ماوەی پێشوو گوێم لێبوو كە گوایە ”کۆمەڵ قەرزاری پارتییە”، بەڕاستی پێموایە نە پارتی و نە بنەماڵەی بارزانی ئەم دەستەواژەیان قەبوڵ بێ! چونکە مێژووی نێوان سەرکردەکەو حزبەکان، لای بە تەمەن و سەرکردە پێشوەکان زانراوە و پاڕێزراوە!".

کارگێری ئەنجومەنی کۆمەڵی ئیسلامی لە درێژەی پۆستەکەیدا دەڵێت"  ماوەیەکە گوێبیستی چەمکێکی نوێی بێ مانا و دوور لە ئەخلاق و ئەتەکێتی حزبایەتی دەبین، کە گوایە ئەم حزب قەرزاری ئەوبێت و گەر ئەم حزب، یا ئەوی تر نەبێت، کورد، یا حزبەکانی تر ئاو دەیانبات و تەفروتونا دەبن !".

ئەو دەڵێت " هەرگیز وتنی ئەو جۆرە دەستەواژانەم پێ جوان نیە و خزمەت ناکات و باش نییە.. حزبی گەورە ! دایم وابزانێ خەڵکی تر و حزبەکانی تر قەرزای بن، چونکە مێژوو و رووداوەکان لە بیر نەکراون"..

لە کۆتایی نووسینەکەیدا موحەمەد حەکیم دەخوازێت کە  پەیوەندیەکی تەندروستیان لە گەڵ پارتی و باقی لایەنەکان هەبێت، لە حکومەت بن و یا ئۆپۆزسێۆن و دەڵێت" پرسی پێکھێنانی حکومەت، پرسێکی جودایە و پەیوەندی بە بەرکەوتەی ھەڵبژاردنەکانەوە ھەیە، ئۆمێدم وایە نەکرێتە بابەتێک بۆ تانە لێدان لەم و لەو و ئۆمێدم وایە رێ لە لێدوان و قسەی ناشاز بگیرێت، کە کەش و ھەوایەکی خراپ بێنێتە ئارا، کە خزمەت بە تەبایی نەکات".

ئەو نووسینە لە کاتێکدا دێت پارتی وەک براوەی یەکەم ساردە بەرامبەر بە بەشداری پێکردنی کۆمەڵی ئیسلامی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.



PM:03:58:05/01/2019