وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند "ئەو کادیرەی پارتی کە بەبێ تاوان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییەوە دەستگیر کرابوو، ئازاد کرا".
عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - ھەڵەبجەی پارتی بە میدیاکانی حیزبەکەی ڕاگەیاند: ”ئەو کێشەیەی ھەبووە چارەسەر کراوە و ھەواڵی ئازادکردنی سەرخێڵ ئەکبەر، ئەندامی لقی چواری پارتی ڕاستە و پاش کەمێکی دیکە دێتە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی - ھەڵەبجەی پارتیمان".
ئەوەشی خستە ڕوو کە پێویستە بە زمانی دیالۆگ هەر حاڵەتێک چارەسەر بکرێت کە دێتە پێشەوە، چونکە ”ئەم قۆناغە ھەستیارە و ئەرکی ھەموومانە تێبپەڕێنین".
بەپێی بڕیاری دادوەری ئاسایشی سلێمانی دوای ئەوەی سەرخێڵ ئەکبەر لە کێشەیەکدا لە دادگای گەرمیان ئازادکرا، رووبەرووی دادگای ئاسایش کرایەوە، ئەم هەنگاوە بووە مایەی کێشە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، ئاسایشی هەولێر بەرامبەر ئەو کارە کادیرێکی یەکێتی دەستگیر کرد.