لە سلێمانی ئاسایش دەچێتە سەر سینەما سالم و دایدەخەن

لەماوەی مانگێکدا دووجار ئاسایشی سلێمانی دەچنە سەر سینەما سالم لە بینایەی سەردەم لەناو جەرگەی شاری سلێمانی و دایدەخەن.
 لە بەیاننامەیەکدا بۆ رای گشتی کە بەناوی سینەما سالمەوە بڵاوکراوەتەوەو ئاراستەی رای گشتی کراوە، تیایدا هاتووە "رۆی ئەمڕۆ سێشەممە (٨\١\٢٠١٩)، هێزێکی ئاسایشی گشتیی سلێمانی بێ هەبوونی نووسراوێکی فەڕمی، هاتنە سینەما سالم و دەرگای سینەماکەیان داخست."
لەو بایەننامەیەدا هاتووە "ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی (١١\١\٢٠١٩)، فیلمێک لە ساڵیادی شەهیدکردنیدا دەربارەی هەڤاڵ ساکینە جانسیز لە سینەماکە نمایش بکرێت، هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەند ڕێگەیەکەیەوە و بێ هەبوونی پاساوێکی ڕاستەوخۆ و نووسراوی فەڕمی، ئاگاداریان دەکردینەوە کە ''نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت''؛ سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە مۆڵەتی فەڕمیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەیە..
لە کۆتایی هاتووە " ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازادی و قۆرخکردنی فەزای گشتییە ئیرادەی ئێمە ناخات و لە ئاست ڕێگریکردن لە هونەری ڕاستەقینە، بێدەنگ نابین"..
ئەمە دووەمجارە ئاسایش دەچنە سەر ئەو سینەمایە و مانگی رابردووش نمایشکردنی فلمێکیان لەو سینەمایە قەدەغکرد، کە فلمەکە لە باکوری کوردستان بەرهەمهێنراوەو لە هەردوو ڤیستڤاڵی دهۆک و سلێمانیش نمایش کرابوو، دواتر لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و هەندێک دەنگی ناو وەزارەتی ناوخۆوە نمایشکردنی ئەو فلیمە قەدەغەی لەسەر هەڵگیرا. 



PM:02:55:08/01/2019