سینەما سالم کرایەوە

ئیدارەی سینەما سالم رایەگیاند، کە سینەماکەیان کراوەتەوەو شتێک بە ناوی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەکردنی فیلم'' لەگۆڕێ نییە و؛ە رۆژانی داهاتوشدا دەست دەکەنەوە بە نمایشکردنی فیلمی ٣ ڕۆژ لە ١٠ ساڵ.


لە بەیاننامەیەکیدا کە لە لاپەڕەی فەرمی سینەما سالم بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ئاماژە بەوەکراوە کە بە دانوستان لەگەڵ ئاسایشی گشتیی سلێمانی دەرگای سینەماکە کراوەتەوە. 

دەقی بەیاننامەکە:

بەیاننامەیەک بۆ ڕای گشتی

#پشتگیری_لە_سینەما_سالم

سوپاسی زۆر بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی لە دوێنێوە لە هەوڵی زۆردان بۆ ئەوەی فەزای قۆرخکراو و دۆخی ئاوارتە جێ نەگرێت و لە جێی خۆیان و بە ئاستی بەرپرسیارێتییان، لەگەڵ ستافی سینەما سالم لە هەوڵی بەردەوامدا بوون و جێیان نەهێشتین.

هاوڕێیان،

وەک چۆن لە ڕابردوودا بێ سڵەمینەوە بەرگریمان لە دەنگی ئازاد کردووە و هەمیشە کارمان بۆ سەربەستیی فەزای گشتی بووە، وەک چۆن لە یەکەمین کتێبەوە کە ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە بۆ دوایەمین فیلم کە سینەما سالم نمایشی کردووە، کارکردن بووە بۆ بونیادنانی دنیایەکی ئازاد و سەربەست و دوور لە هەر سانسۆرێک، دوێنێ و ئەمڕۆیش بە هەمان نەفەس و بوێرییەوە جەختمان لەسەر پرەنسیپە باڵاکانمان کردووەتەوە و بێگومان، دەیکەین و دەیکەینەوە.

لە دوێنێوە دژی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەکردنی فیلم'' دەنگمان هەڵبڕیوە، ئەمڕۆیش دوای داخستنی دەرەگای سەرەکیی سینەما سالم و کافێ کتێبی غەزەلنووس، بە جەسووریەتێکی زۆرترەوە لەسەر ئەو دوو داواکارییەمان سوور بووین؛ تا لەسەر داوای خۆیان، لەگەڵ ئاسایشی گشتیی سلێمانی کەوتینە دانوستان.

بێگومان جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە، کە ''نابێت هەرگیزاوهەرگیز سینەما دابخرێت و قەت بوێرییەک نەبێت بۆ قەدەغەکردنی فیلم، چونکە ئەوە کولتوور و فیکر و ئەدەب و هونەری ئازادە دەتوانێت فەزای ئاسایشمان بۆ دروست بکات، نەک داخستن و قەدەغەکردن''.

دیسانەوە بێگومان: ئەم ئیرادەیە سەرکەوت، ئێستا سینەما سالم کراوەیە و شتێک بە ناوی ''داخستنی سینەما'' و ''قەدەغەکردنی فیلم'' لەگۆڕێ نییە؛ بە تایبەتتر بۆ فیلمی ٣ ڕۆژ لە ١٠ ساڵ: ئیتر ''قەدەغە'' نییە و تەنها کاتی نمایشەکەی دوا دەکەوێت.

بەرەو دنیایەکی کراوە و ئازاد و ئاسایی، دوور لە فەزای قۆرخکراو و دۆخی ئاوارتە!

ناوەندی غەزەلنووس - سینەما سالم
سلێمانی
٩\١\٢٠١٩


PM:03:28:09/01/2019