عادل عەبدولمەهدی داوا دەکات ئالاکە لەرووی دەستوریەوە پێش هەڵکردنی یەکلای بکرێتەوە


سەرۆک وەزیرانی عێراق داوا دەکات پێش هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت دەستور یەکلایی بکاتەوەو، هەر لەو روانگەیەشەوە داوای کرد ئاڵاکە لەسەر بارەگای حیزبەکان داگیرێت.

لەبەیاننامەیەکدا نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی کانونی دووەم بڵاویکردەوە،" سەرۆک وەزیران پەیوەندی بە پەلەی کردووە بە سەرۆک کۆماری عێراقەوە بەو پێیەی پارێزەری دەستور و هەروەها ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان و رایسپاردوون بە داگرتنی ئاڵای کوردستان لە ڕووی  پێشەوەی بارەگا حزبییەکانی شاری کەرکوک".

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەیوەندیی کردووە بە کەسایەتییە سیاسییەکانەوە بەوەی کە شێوازی گونجاو پرسیارکردنە لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دەستوریی بوونی ئەو هەنگاوە پێش جێبەجێکردنی، ئەگەر بمانەوێت ڕێز لە دەستور بگرین".

لە کۆتایی بەیاننامەکەی نوسینگەی عەبدولمەهدیدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتی پەیوەندیکردنەکاندا هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کەرکوک ناوچەیەکی کێشە لەسەرە و مافی ئەوەیان هەیە ئاڵای کوردستانی تیا بەرزبکەنەوە، بەڵام سەرۆک وەزیران جەختیکردووەتەوە، شاری کەرکوک ناوچەیەکی کێشە لەسەرە و لە دەرەوەی ئەو سنورەیە کە دەستور بۆ هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە، بۆیە ناوچە کێشەلەسەرەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و نابێت هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ئەنجام بدرێت بە ئەمری واقیع، بەڵکو دەبێت دەستور بابەتەکە یەکلایی بکاتەوە، بەڵام بەرزکردنەوەی ئاڵای حزب و دروشمەکانی شتێکی ئاساییە و هەموو حزبەکان ئەنجامی دەدەن و پێچەوانەی دەستوریش نییە.
شەوی ڕابردوو لە پاڵ ئاڵای عێراقدا ئاڵای کوردستان لەسەر ژمارەیەک لە بارەگا حزبییەکانی یەکێتی نشتیمانی کوردستان هەڵکرا.



PM:08:24:09/01/2019