بەرێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، شۆفێران لەبارەی کاتی بەفر بارین و سەرماو بەستنی شەقامەکانەوە ئاگادار دەکاتەوە.
رائید کاروان محەمەد وتەبێژی بەرێوەبەری ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، بەسپی راگەیاند" لەرۆژانی بەفرو سەرماو بوونی تەم و بەستنی شەقامەکان دەبێت شۆفێران خێراییەکانیان کەم بکەنەوە، بەجۆرێک ماوەی سەلامەتی خۆیان لەگەڵ ئوتۆمبێلەکانی تردا بپارێزن".
وتەبێژی بەرێوەبەری ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی وتیشی: ھەرکاتێک لەچیاکان و ناو شار بەفرێکی زۆر باری و بووە ھۆی بەستنی شەقامەکان ئەو رێگایانە بەربەستدەکەین تا ئەو کاتەی دڵنیادەبین ھاتووچۆ تێدا ئاسای دەبێتەوە.
هەروەها ناوبراو هاوڵاتیان و شۆفیران ئاگادار دەکاتەوە لەکاتی سەردانیان بۆ شاخی ئەزمەڕو گۆیژە تیمەکانمان دەچنە ئەو شوێنانە بۆ رێکخستنی رەوشی ھاتووچۆ، بەڵام ئەگەر ئاستەنگی ھاتووچۆ دروست بێت، رێگاکە دادەخەین و رێگا نادەین کەس بچێت.
ناوبراو، ھاوڵاتیان و شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە کە لەکاتی پێویستدا دەتوانن لە رێگای ھێڵی گەرمی ١٨٨ پەیوەندی بە بەرێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانییەوە بکەن و "تیمەکان بەزووترین کات دەچن بەھانایانەوە".