ئاسایشی سلێمانی ژنە دەستگیرکراوەکانی تەڤگەری ئازادی ئازاد کرد

ئاسایشی سلێمانی ئەمشەو لە کۆی ئەو ٥٢ چالاکوانەی تەڤگەری ئازادی ئەمرۆ لە پارکی ئازادی دەستگیرکرد، ژنەکانی ئازاد کردو پیاوەکانی هێشتەوە.
ماڵپەڕی رۆژنیوز بڵاویکردەوە "دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی ٥٢ کەس لە هاوڵاتی و نوێنەری لایەنە سیاسیی و ڕێكخراوەكان-ی لە پارکی ئازادی دەستگیرکرد، کەمێک پێش ئێستا هەموو ئەو ژنانەیان ئازادکرد کە لەناو دەستگیرکراوەکاندا بوون، بەڵام پیاوەکان ئازاد نەکراون".

‎ئەمڕۆ دوای ئەوەی بەمەبەستی نمایشكردنی فیلمی شەهید ساكینە جانسز كۆمەڵێك هاوڵاتی و نوێنەری لایەنە سیاسیی و ڕێكخراوەكان چونە سەكۆی ئازادی لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی، ئاسایشی شارەكە ڕێگریی كردوو ٥٢ كەسی دەستگیركرد، كەتێیاندا بەڕێوەبەرانی تەڤگەریی ئازادیی و بەرەی دیموكراسی گەل هەن و زۆرینەی دەستگیراوانیش ژن بوون.

کەمێک پێش ئێستا ئاسایش سەرجەم ژنە دەستگیرکراوەکان ئازادکران و پیاواکان لە زیندانی ئاسایش هێڵراونەتەوە.



PM:10:46:11/01/2019