هەڤاڵ ئەبوبەكر: مەترسی بەردەوام لەسەر سلێمانی هەیە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە دۆخی سلێمانی وەك عەفرین و كەركوك و شنگال و حەلەبی لێبێت وەك ئەوەی لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوودا ئەو مەترسییە هەبوو.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، "لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو مەترسی هەبوو دۆخی سلێمانی وەك حەلەب و كەركوك و شەنگال و عەفرینی لێبێت، بەڵام بە هەوڵی خەڵك و دامودەزگا ئەمنی و حكومیەكان ئەو دۆخە ئیدارەدرا، ئەو مەترسیە بە ئێستاشەوە بەردەوامە، ئێستاش و هەموو كات مەترسی هەیە دۆخی سلێمانی وەك عەفرین و كەركوك و شەنگال و حەلەبی لێبێت ئەگەر ئیدارەیەكی باش نەدرێت، هەر بستێكی كوردستان ئەگەری ئەوەی هەیە بۆ ئەوەی دۆخەكەی وەك ڕۆژئاوای لبێت".

پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند، "هۆكاری دۆخی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی كە ئەنجومەنی وەزیران دەریكردووە بۆ ڕێكخستنەوەی ئەو بابەتانەی كەهەن پەیوەست بن بەدەرەوەی هەرێمی كوردستان پێویستیان بەوەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی دامودەزگا فەرمیەكان هەیە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "دۆخی سلێمانی ئێستا لە ئاستێكی زۆر باشدایە، كێش پێیوایە لە سلێمانی دۆخەكە لە هەولێر و دهۆك باشتر نیە دەتوانێت چالاكیەكانی بەرێتە هەولێر و دهۆك، كەركوك و بەغدا، ئەو كەناڵانەشی پێیان وایە ڕێگریكردن لە فیلمێك تاوانێكی گەورەیە دەتوانن فلیمەكە لەكەناڵەكانی خۆیانەوە پەخش بكەن".

هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەبەرئەوەی لە عێراقدا دەستور جێبەجێ ناكرێت، بەردەوام مەترسیی لەسەر پارێزگاری سلێمانی هەیە و كورد سوپایەكی نیشتمانی یەكگرتووی نییە، ئەوە دۆخی سنورەكان دەزانین، بۆیە كورد لەهەر شوێنێكبێت‌ بە ڕەوەندی كوردیشەوە پێویستە هەوڵی پاراستنی دەستكەوتە نیشتمانیەكان بدەن".



AM:11:19:14/01/2019