ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر گرانبوونی قسەكردنی ئاسیاسێڵ هاتە دەنگ

١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یاداشتێك ئاراستەی ئەنجومەن دەكەن بۆ بەدواداچوونی گرانبوونی نرخی قسەكردنی سیمكارتی مامۆستایان و فەرمانبەران.

لە یاداشتێكدا ئەو ١٦ ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایانكردووە، بانگهێشتی بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سلیمانی و نوێنەری ڕێگەپێدراوی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بكرێت، سەبارەت بە گرانكردنی نرخی مانگانەی كارتی پڕكردنەوەی سیمكارتی مامۆستایان و فەرمانبەران، كە بەنیازن لە ٦ هەزارەوە بكرێت بە ١٠ هەزار دینار.

لەو یاداشتەدا ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەیان بەوەش كردووە، لە ڕێگەی نامەی ئاسیاسێڵەوە بەشداربووان ئاگاداركراونەتەوە كە بڕیاریانداوە لە ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگەوە نرخەكەی بكرێتە ١٠ هەزار دینار.

داوایانكردووە بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندن و نوێنەری ڕێگەپێدراوی ئاسیاسێڵ ڕۆژی ٢٠ی كانوونی دووەمی ٢٠١٩ بانگهێشتبكرێت بۆ هۆڵی سەرۆكایەتی ئەنجومەن، بەتایبەت كە بڕیاربووە ئەو ئۆفەرە تا ساڵی ٢٠٢١ بەردەوام بوایە.



AM:09:26:16/01/2019