خاڵە گومرگیەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی بەغدا هەڵدەوەشێنرێتەوە

لەکۆبوونەوەیەک کەوەزیری دارایی عێراق و وەزیری پلاندانانی هەرێم و ژمارەیەک بەرپرسی ئابوری ئامادەی بوو، بریار لەسەر هەڵوەشانەوەی خاڵە گومرگیەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی بەغدا درا.

بەپێی بەیاننامەكەی نوسینگەی وەزیری دارایی عیراق ئەمڕۆ ١٦ ی کانوونی دووەم، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی عێراق دەرچوو  "لیژنەكە بڕیاریداوە، خاڵە گومركییەكانی (فایدە و شێراوە لە باكووری كەركوك و لەیلان لە خۆرهەڵاتی كەركوك) هەڵبوەشێنرێنەوە، ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی بازرگانی ناوخۆ و ڕێكخستنەوەی جوڵەی شتومەك و كاڵاكان لەنێوخۆی عیراق، بڕیاریش درا بازرگانی زێڕ و كانزا بەنرخەكان لە عیراق ڕێكبخرێتەوە و وەزارەتی گواستنەوە لە هەموو مەرزە سنورییەكان بەپێی یاسای گواستنەوە بۆ مەبەستی كارئاسانی لە كاری پێكهاتە پەیوەندیدارەكاندا، كاربكات”.

لەو بەیانەی نوسینگەی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری ئابوری و وەزیری دارایی، تیایدا هاتووە" كۆبوونەوەی لیژنەی كاروباری ئابوری بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن و بە ئامادەبوونی وەزیرەكانی (ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی، و كشتوكاڵی) و پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراقی و سەرۆكی لیژنەی نیشتمانی بۆ وەبەرهێنان و ڕاوێژكاریی و ئابورییەكان، كە نوێنەرایەتی سەرۆك وەزیرانی كرد، لەگەڵ نوێنەری وەزیری نەوت و عەلی سندی، وەزیری پلاندان لە هەرێمی كوردستان و كادرانی پێشكەوتووی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەزگای گشتی مەرزە سنورەییەكان و سەرۆكی دەزگای گشتی گومركەكان و ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان سازكرا”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، "لیژنەی كاروباری ئابوری بڕیاریدا، ڕسومە گومركییەكان لە تەواوی مەرزە سنورییەكان یەكبخرێن، بە مەزە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە، بەو پێیەی بڕیارەكە گرنگییەكی ئابوری گەورەی هەیە بۆ داهاتی گومركی و یەكخستنی باجەكان لە هەموو مەرزەكان و ڕێكخستنەوەی هاتنەوەوەی شتومەك و كاڵاكان و چالاككردنی بازرگانی و یەكخستنی مۆڵەتەكانی هاوردن”.

هەروەها لیژنەكە وەك لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە، "بڕیاریداوە هەموو مەرزەكان پابەند بكات بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پاراستنی بەروبومی نیشتمانی و بەروبومە كشتوكاڵییەكانی ناوخۆ، لەپێناو هاندانی بەروبومی خۆجێی، بڕیارەكانیش لەپێناو پتەوكردنی ئابوری و هاندان و چالاككردنی بازرگانی و پشتیوانییە لە كەرتی تایبەت و ئاسانكاریە بۆ یەكخستنی ڕێوشوێنەكان لە هەموو جومگەكانی دەوڵەت و زیادكردنی داهاتەكانیشە".



PM:06:50:16/01/2019