نوسینگەی كۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر تەقەكردن لە پزیشكەكەی سلێمانی ڕوونكردنەوە دەدات

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی تەقەكردن لە پزیشكەكەی سلێمانی بڵاوكردەوە و دەڵێت "دكتۆر بەختیار بەبێ هۆ دەستی داوەتە هەڵمەتێكی تەشهیرو بوختانكردن لەسەر بەڕێز كۆسرەت ڕەسول و كوڕەكانی، لە كاتێكدا كە بەڕێزیان دوورو نزیك هیچ پەیوەنددیان نە بە بابەتەكەو نە  بەلایەنی شەڕەكەوە نییە".

لە ڕوونكردنەوەكەدا كە وێنەیەكی تایبەت بۆ "سپی" نێردراوە نووسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی دەڵێت " ناكرێت لە هەر جێیەكی ئەم كوردستانە بەرینە پێشمەرگەیەك لە دەرەوەی ئەركی فەرمی خۆی تووشی دەمەقاڵی و كێشەی لابەلا ببێت، بەڕێز جێگری سكرتێری گشتی لێی بەرپرسیار بێت".


دەقی ڕوونكردنەوەكە:

ڕوونكردنەوەیەك لە نووسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك)

چەند ڕۆژێكە ڕووداوی دەمەقاڵێیەكی بەڕێز دكتۆر بەختیار ئەمین و چەند هەڤاڵێكی پێشمەرگەی یەكێتی لەسەر جادە بۆتە قسەوباسی گەرمی هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندنی چەند لایەنێكی سیاسی.

ئەم بابەتە هەتا ئێرە بابەتێكی ئاسایی و سادەیەو ئەكرێت یاسا ڕۆڵی خۆی لە چارەسەركردنیدا بگێڕێت و سەرپێچكار سزای خۆی وەربگرێت.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە كە بەڕێز دكتۆر بەختیار بەبێ هۆ دەستی داوەتە هەڵمەتێكی تەشهیرو بوختانكردن لەسەر بەڕێز كۆسرەت ڕەسول و كوڕەكانی، لە كاتێكدا كە بەڕێزیان دوورو نزیك هیچ پەیوەنددیان نە بە بابەتەكەو نە  بەلایەنی شەڕەكەوە نییە، تەنها ئەوە نەبێت كە بەڕێزیان وەك جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) بەرپرسی هێزی پێشمەرگەی (ی. ن. ك)ە، كە ناكرێت لە هەر جێیەكی ئەم كوردستانە بەرینە پێشمەرگەیەك لە دەرەوەی ئەركی فەرمی خۆی تووشی دەمەقاڵی و كێشەی لابەلا ببێت، بەڕێز جێگری سكرتێری گشتی لێی بەرپرسیار بێت.

بۆیە نووسینگەی بەڕێزیان هەموو ڕێكارێكی یاسایی دەگرینە بەر بۆ خستنەڕووی ڕاستییەكان بۆ ڕای گشتی و كۆتایی هێنان بەو هەڵمەتە چەواشەكارییانەو داوای یاسایی لەسەر لایەنی بەرامبەر تۆمار دەكات و بۆ لێپێچینەوەو گرتنەبەری ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی
جێگری سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان



PM:02:59:21/01/2019