هۆشیار زێباری: کات بۆ پێکهێنانی حکومەت کراوە نییە

دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ گۆڕان، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی جەختی لەسەر پرسی کاتکردەوەو وتی" کات لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و دەبێت پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەت".

هۆشیار زێباری، ئەندامی سەرکرایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەواانیدا رایگەیاند: تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە کە کات لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە، دەبێت پەلە بکەین حکومەت دابمەزرێت، چونکە ماوەیەکی زۆری بەسەرداچووە".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاشکرای کرد "لەگەڵ برادەرانی گۆڕان دوو لیژنەی هونەریمان دروستکردبوو، یەکێک بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامەی داهاتووی حکومەت، ئەوەی دیکە بۆ پێوەرەکانی بەشداربوون، هەردوو کۆبوونەوەکە بەباشی بەڕێوەچوون، دوێنێش شاندی ئێمە لە سلێمانی بوون لەگەڵ برادەرانی یەکێتی کۆبوویەنەوە".

ئەو ئەندامەی سەرکرایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان لێکتێگیشتن هەیە، لەسەر پێوەرەکانی بەشداربوون و بەرنامەی حکومەت بە چ شێوەیەک دەبێت، ئەولەویاتی ئەو حکومەتە چ بێت، لەلایەکی دیکە بەردەوام دەبین لە دانوستاندن". 

هەروەها وتیشی " هیچ نییەتێک نییە بۆ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک، بەڵام دەبێت هەموو لایەک هەست بەو بەرپرسیاریێتییە بکەن، ئەو بۆشاییەی حکومی و دەستوورییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە بەرژەوەندی میللەتی خۆمان نییە".

ئەو وتی"دەبێت لەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمان رێکبکەوین و پەرلەمان کۆببێتەوە، یاسای سەرۆکایەتی هەمواربکرێت و رێککەوتنی لەسەر بکرێت و پرۆسەکەش دەستپێبکات، کاتێکی دیاریکراو دەستنیشان ناکەین، بەڵام لەم مانگە پەرلەمان کۆببێتەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە".

ئەمڕۆ 22 کانوونی دووەم وەفدی پارتیی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوی لە پیرمام کۆبوونەوە.



PM:03:14:22/01/2019