فازڵ نەبی گومان دەخاتە سەر "ئەو دەستکەوتەی پەرلەمانتارانی کورد شانازی پێوە دەکەن"

فازیل نەبی بریکارى پێشووى وەزارەتى دارایی عێراق گومان دەخاتە سەر ئەوەی بەغدا بێ ڕادەستکردنی نەوت مووچە بنێرێت و دەڵێت ئەوەى لە پڕۆژە یاسای بودجەدا پەسەندکراوە ئەوەیە کە موچەى فەرمانبەران و پێشمەرگە پەیوەستە بە ناردنى نەوتەوە.

فازیل نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی وتووە، لەبڕگەیەکى ماددەکەدا حکومەتى ئیتیحادى پابەند دەکات بە پێدانى پشکى هەرێمى کوردستان لەناویشیاندا موچەى فەرمانبەران، بەڵام دوای کەمکردنەوەى ئەو بڕە زیانەى کە بەر بەغدا دەکەوێت بەهۆى ڕادەست نەکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت.

ڕاشیگەیاند، بەڵام کورد دەیویست بڕگەیەکى تر بڕوات کە دەڵێت، وەزارەتى دارایی عێراق موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بنێرێت و بڕی زیانەکەى کە بەر حکومەتى عێراق دەکەوێت لە ئەگەرى پابەند نەبوونى هەرێم، تەنها لە پشکى هەرێم ببڕێت نەک لە مووچە، لەکاتێکدا ئەو بڕگەیە پەسەند نەکراوە و فراکسیۆنەکانى دەرەوەى فراکسیۆنە کوردییەکان ڕەزامەند نەبوون.

ڕوونیشی دەکاتەوە لەپڕۆژەیاسای بودجەدا تەنها ئەو بڕگەیە پەسەندکراوە کە مووچەى فەمانبەرانى هەرێمى جیا نەکردووەتەوە لەو کاتەى هەرێم پابەند نەبێت بە ناردنى نەوتەکەى، واتە لە ئەگەرى نەناردنى ٢٥٠ بەرمیل نەوتەکە بڕی بەکەوتووى ئەو زیانەى بەر حکومەتى فیدڕاڵ دەکەوێت لە پشکى هەرێم بە مووچەى فەرمانبەرانیشەوە دەبڕدرێت، بەوەش ئەوبڕە پارەیەکەمتر دەبێت لە ٥٢٢ ملیار دینار.

ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق بودجەی نوێی وڵاتیان بە دەستکەوت بۆ کورد لێکدایەوە و ڕایانگەیاند گەر هەرێم نەوتیش نەنێرێت بەغدا زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینار دەنێرێت

PM:12:32:25/01/2019