سەرۆكی حكومەت وادەی لابردنی پاشەكەوتی موچە ئاشكرادەكات

سەرۆك حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند بودجەی ئەمساڵی عیراق بەراورد بەساڵانی ڕابردوو باشترە و دەڵێت "بەدڵنیاییەوە پاشەكەوتی موچە لادەبەین".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێك ئاراستەی موچەخۆرانی هەرێم دەكات و دڵنیایان دەكاتەوە پاشەكەوتی موچە لادەبەن و دەڵێت "چاوەڕوانی پەسندكردنی بودجەی گشتیی عیراق دەكەین".

سەرۆك حكومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی "بودجەی ئەمساڵی عیراق بەراورد بەساڵانی ڕابردوو باشترە" پشتیوانیش بۆ كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت "دەمانەوێت ڕێكبكەوین لەگەڵ عیراق".

لەبارەی ڕووداوەكەی دوێنێی شیلادزێ رایگەیاند، سیاسەتی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە نامانەوێت خاکی هەرێم بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا ببرێت و لیژنەیەکمان پێهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، شەهیدبوونی هاوڵاتیانی هەرێم بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا هۆکارەکەی بوونی پەکەکەیە لەو ناوچانە هاوڵاتیانی ناوچە سنورییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە نەچنە ئەو شوێنانەی کە تورکیا بۆردومانی دەکات.


PM:01:03:27/01/2019