سپی زانیاری ورد لەسەر ئەو کەسە بلاودەکاتەوە کە لە NRT لەسەر پێشمەرگە قسەکرد

ئەو کەسەی لە بەرنامەی " سەکۆی " کەناڵی NRT قسەی لەسەر پێشمەرگە کردو دوێنێ لە سلێمانی دەستگیرکرا، خۆی پاسەوانی بەرپرسێکی پێشمەرگە دێرینەکانە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی ناوخۆ بە سپی راگەیاند" ئەو کەسەی شەوی ٢٤ ی کانوونی دووەم لە بەرنامەی سەکۆ هێڕشی کردە سەر خەباتی پێشمەرگە، پۆلیسەو پاسەوانی یەکێکە لەبەرپرسانی پێشمەرگە دێرینەکان و یەکێکە لە پاسەوانەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری و فریاکەوتنی سلێمانی".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ وتیشی " ناوبراو لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرنەکراوەو پۆلیس دەستگیری کردووەو لەسەر سکالآی بەرپرسەکەی لیژنەی لێکۆڵێنەوەی لەسەر دروستکراوە".

بەپێی ئەو زانیاریانە بەرپرسەکەی لەسەر ئەوەی سووکایەتی بەخەباتی پێشمەرگە کردووە بڕیاری دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دراوە.

 شەوی ٢٤ کانونی دووەم، لە بارنامەیەکی تەلەفزییۆنیدا کە لە کەناڵی ئێن ئاڕتی پەخشدەکرێت بە ناوی" سەکۆی ئێن ئاڕ تی" هاوڵاتییەک رەخنەی لە بەرپرسانی پێشمەرگە گرت و هێرشی کردە سەریان، دواتر ڤیدیۆی قسەکانی ئەو هاوڵاتییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی  فراوانی لێکەوتەوە.

پاش پەخشکردنی بەرنامەکە لەسەر بڵاوبوونەوەی قسەکانی ئەو هاوڵاتییە رۆژی هەینی بەشێک لە پێشمەرگە دێرینەکان هاتنە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی و لەبەردەم کەناڵەدا گردبوونەوە رایانگەیاند، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە داوای یاسایی لەسەر کەناڵەکە تۆمار دەکەن.

شەوی رابردووش ئەو هاولآتییە کە دەرکەوت پاسەوانە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرا. 

AM:11:26:28/01/2019