دوو كۆڵبەری رۆژهەڵاتی كوردستان بە هۆی سەرماوە گیانیان لەدەستدا

دوو كۆڵبەری رۆژهەڵاتی كوردستان بە هۆی سەرماوە گیانیان لەدەستدا و دووانی دیكەش بە تەقەی هێزە ئەمنیەكانی ئێران بریندار بوون.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە كە ئێوارەی رۆژی دووشەممە هێزە چەكدارەكانی ئێران لە گوندی بڕوێشكانێ سەر بە بەخشی نەنۆڕی شاری بانە دەستەیەك لە كۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئاكامدا دوو كۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە كۆڵبەرەكان لە نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی بانە لە ژێر چاودێریی پزیشكیدان و باری تەندروستی یەكێكیان ناجێگیرە.

رێكخراوەكە ئەوەشی خستەڕوو كە دەستەیەكی دیكەی ئە وكۆڵبەرانە لە ترسی هێزەكانی ئێران لە ڕێگای سەرەكی لایان داوە و لە ئاكامدا ڕێگایان ون كردووە، بەو هۆیەشەوە دوو كەسیان بە هۆی سەرماوە گیانیان لە دەست داوە، جگە لەوەش چارەنووسی كۆڵبەرێكی دیكە بە نادیاری ماوەتەوە.



PM:01:23:29/01/2019