سەرۆکی هاوپەیمانیی: هاوپەیمانیی موڵکی هیچ کەس و دەستەیەکی دیاریکراو نییە

سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی ڕایگەیاند، هاوپەیمانی بۆ فرۆشتن نییە و موڵکی هیچ کەس و دەستەیەکی دیاریکراو نییە.

ئەمڕۆ ھەینی کۆبوونەوەی فراوانی هاوپەیمانیی نیشتمانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سیاسی بەڕێوەچوو و ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی لەمیانەی وتارێکدا ڕایگەیاند "هاوپەیمانی بۆ فرۆشتن نییە و کەس ناتوانێت مامەڵەی پێوە بکات و ئەوکاتەی هاودیدان بڕیاری بەردەوامییان دا، سەلمێنەری ئەوە بوو کە هاوپەیمانی حزبی هەموانە و هی یەک کەس و دەستە نییە".

سەرۆکی هاوپەیەمانی ئاماژەی بەوەش دا "هاودیدانی هاوپەیمانی بڕیاری بەردەوامییان داوە و هەر خۆشیان ئۆرگانەکانیان ڕێک خستەوە و ئێستا هاوپەیمانی قۆناغە سەختەکانی تێپەڕاندووە".
 
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ساڵی 2018 لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دامەزرێنرا و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا توانی ٢ کورسی بەدەست بهێنێت، دواتر بەرهەم ساڵح حزبەکەی بەجێ هێشت و بەڵام ژمارەیەک لە کاندیدانی حزبەکە بەو بڕیارەوە پابەند نەبوون و بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کرد.

 



PM:04:49:01/02/2019