لەسەر کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا
کۆنگرێس دژی ترامپ وەستایەوە


کۆنگرێسی ئەمەریکا لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانیان  لە سوریا و ئەفغانستان، دژی پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ وەستایەوە.

لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا زۆربەی کۆمارییەکان پشتگیرییان لە هەموارکردنەوەکەی سیناتۆر (میچ ماکۆنێڵ) کرد، کە دژایەتی پلانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا و کەمکردنەوەی لە ئەفغانستان.

لە پرۆسەکەدا ٦٨ ئەندامی ئەنجومەنەکە پشتگیرییان لە هەموارکردنەوەی یاسای سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد و دژبە ترەمپ وەستانەوە.

بەپێی هەموارکردنەوەکە، چالاکییەکانی داعش لە سوریا و ئەفغانستان هێشتا مەترسیی ڕاستەقینەیان بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا هەیە و، هۆشداری دراوە لە دووبارە خۆڕێکخستنەوەی چەکدارەکان ئەگەر سوپای ئەمریکا پاشەکشە بکات، کە ئەوەش ڕێگە بۆ ڕوسیا و ئێران زیاتر خۆشدەکات دەستوەربدەنە کاروباری ناوخۆی ئەو دوو وڵاتە.

ئەگەرچیش دەنگدانەکە ڕێگە لە سەرۆکی ئەمریکا ناگرێت پلانەکانی بە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا و ئەفغانستان جێبەجێ بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگدانەوەیەکە بۆ ناڕەزایەتی زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر سیاسەتەکانی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە ئەنجومەنی پیرانیش جۆن کینیدی سیناتۆری کۆمارییەکان پڕۆژەیەکی هەموارکراوی خستووەتەڕوو، کە تیایدا ڕێگە بە بەکارهێنانی هێز دەدرێت بۆ پاراستنی کوردەکانی ڕۆژئاوا، کە بە وتەی ئەو ئەرکێکی ئەخلاقییە بۆ ئەمریکا پارێزگاری لە هاوپەیمانەکانی بکات.
بەپێی پرۆژەکەی کینیدی، دۆناڵد ترەمپ مافی ئەوەی دەبێت سوپاکەی بۆ بەرگریکردن لە کوردانی ڕۆژئاوا بەکاربهێنێت.



PM:11:11:01/02/2019