هۆکاری شەڕە تەقەكەی هەولێر لەسەر "کتێب" روویداوە

به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌مرۆ شەممە 2ی شوبات، له‌گه‌ڕه‌كی‌ هه‌ولێری‌ نوێ‌ شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ لە نێوان چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك روویدا و شه‌ش كه‌سیا لێ دەستگیرکرا، پۆلیس دەڵێت شەڕەکە لەسەر "کتێب" رویداوە.

عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"شەوی رابردوو لە گەڕەكی هەولێری نوێ‌، شەڕەتەقە لەنێوان ئەندامانی یەك عەشیرەت لەسەر کتێبێک دروستبووە، کاتێک كەسێكی دیاری عەشیرەتەكە كتێبێكی نووسیوە و لەناو ئەو كتێبەدا ناوی كەسێكی دیاری عەشیرەتەكەی نەهێناوە و بەوهۆیەوەش دەمەقاڵێ و شەڕەتەقە دروستبووە".

وتیشی، بەهۆی شەڕەكەوە نە کەس کوژراوە و نە کەسیش برینداربووە، بەڵام بێزاركردنی خەڵکی شار هەبووە و لەسەر ئەو تەقەیەش 6كەس دەستگیركراون.

لیوا عەبدولخالق راشیگەیاند، دەمێكە پێشنیازی ئەوەیان كردووە، كە پێشمەرگە‌ و هێزە ئەمنییەكان چەكەكانیان لە شوێنی كاریان بەجێبهێڵن ‌و لەكاتی پشووەكانیاندا چەکەکانیان نەبەنەوە ماڵەوە.

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر هۆکاری ئەو جۆرە روداوانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە نزیكەی 60 هەزار چەكداریان لەناو شاری هەولێردا هەیە وتی" ئەگەر ئەوانە چەكەكانیان لە شوێنی كاریان بەجێبهێڵن، كێشەكان كەمتر دەبێتەوە ‌و دیاردەی تەقەكردنیش كەم دەبێت".

لیوا عەبدولخالق بەپێویستیزانی ئەو كەسانەی چەكداری حكومەتن و دەوام دەكەن، دوای دەوام چەكەكانیان لەگەڵ خۆیاندا نەبەنەوە ماڵەوە، کە دەبێتە ھەنگاوێكی گرنگ بۆ بنبڕكردنی دیاردەی چەكھەڵگرتن، چونكە گەڕان لە ماڵان بە دوای چەكدا، زۆر زەحمەتە." 


PM:01:44:02/02/2019