ئاسایشی دهۆک لەسەر رادەستکردنی خۆپیشاندەرانی شیلادزێ بە تورکیا روونکردنەوە دەدات

بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆك رەتیدەكاتەوە ئەو كەسانەی بە تۆمەتی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكەی دهۆك و شیلادزێ دەستگیركراون، رادەستی میتی توركیا كرابن كە بە تێكدەر وەسفیان دەكات.

بژار کۆرەمارکی بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆك لە لێدوانێكی بۆ دەنگی ئەمریكا راگەیاند هیچ لەو دەستگیرکراوانەی گردبونەوەکەی دهۆک و شیلادزێ رادەستی میتی تورکیا نەکراوە و ئەوە دوورە لە راستییەوە.

ئەوەشی خستەڕوو كە لە دهۆك 16 كەسیان دەستگیركردووە بە تۆمەتی ئەوەی "زانیاریمان هەبووە کە دەیانەوێ پشێوی بنێنەوەو ئەوەی لە شیلادزێ ڕویداوە لە دهۆکیش نائارامی بخەنەوە لەبەر ئەوە دەستگیرکراون، هەندێک لەوانە سەر بە لایەنی دەرەوەی هەرێمن و خەڵکی دهۆک نین و بۆ ئەو مەبەستە هاتوونەتە دهۆک".

دەشڵێت: "زانیاری هەبووە ویستویانە لەوەی شیلادزێ خراپتر لە دهۆک بکەن و بەفەرمی دەستگیرکراون".

بەڕێوەبەری  ئاسایشی دهۆك راشیدەگەیەنێت كە ئەوانەی دەستگیركراون "براونەتە بەردەمی دادگاو لێکۆلینەوەیان لەگەڵدا کراوە، لە دنیاشدا ئەگەر تۆ بچیتە سەر شوێنێک و بیسوتێنی و کاری تێکدەرانە بکەیت، دەبێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانە بکرێت کە ئەو کارانەیان کردووە".

ئەم لێدوانەی بەڕێوەبەری  ئاسایشی دهۆك دوای ئەوە هات كە زیاتر لە 150 نووسەر و رۆژنامەنووس یاداشتێكیان دژی دەستگیركردنی چالاكوانانی دهۆك بڵاوكردەوە و ئاماژەشیاندابوو بەوەی دەزگای میتی توركیا لە كاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیركراوەكاندا ئامادەبوون. 



PM:09:13:02/02/2019