حاکم شێخ لەتیف: رێگرتن لەکاری شۆفێری تاکسی نایاساییە

حاکم شێخ لەتیف، شارەزای یاسایی دەستوری رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێگرتن لە کاری شۆفێری تاکسی سەرپێچی یاسایە، دەشڵێت، "ئەگەر تاکسیەکە موڵکی خۆی بێت، دەتوانێت کاری پێ بکات".

حاکم شێخ لەتیف، کە ئەندام پەرلەمانی پێشووی عێراقە لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە بۆ رێگریکردن لە کاری شۆفێری لەلایەن کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە رایگەیاندوە، "بڕیارەکە سەرپێچی یاسایە لەبەر چەند هۆیەک، وەزیر لە بڕیارەکە پشتی نەبەستوە بە هیچ ماددەیەکی یاسایی، تەنها دەڵێت بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بەگوێرەی یاسای ژمارە 6ی وەزارەتین ناخۆ ساڵی 2019".

شێخ لەتیف ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو ماددەیەی وەزیری پشتی پێبەستوە "هیچ ماددەیەکی وای تێدا نیە، چونکە ئەو یاسایە یاسای رێکخستن و پێکهینانی وەزارەت و دام و دەزگاکانیەتی و ئەو جۆرە دەسەڵاتەی نەداوە بە وەزیر".

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە نوسراوێکدا کە واژۆی کەریم سنجاری لەسەرە، كاری تەكسی قەدەغە کردوە لە ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری و فریاكەوتن، رەگەزنامە، هاتوچۆ، پاسەوانی سنور و گومرگ و كارمەندانی میلاكی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و گشت هێزە چەكدارەكان لە سەر میلاكی هەرێمی كوردستان.





PM:02:35:04/02/2019