تەرمی میر تەحسین بەگ گەیەنرایەوە هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ 4ی شوباتی 2019 تەرمی میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە رێوڕەسمێكی فەرمیدا لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتەوە هەرێمی كوردستان.
لە رێوڕەسمەكەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و نوێنەری هەشت پێكهاتەی ئایینی لە هەرێمی كوردستان بە جلوبەرگی تایبەتی خۆیان بەشداربوون و تاجەگوڵینەیان لەسەر تەرمی میر تەحسین بەگ، میری ئێزدیانی كوردستان و جیهان دانا.

میر تەحسین سەعید عەلی بەگ، لە رۆژی 15ـی ئابی ساڵی 1933 لە ناوچەی باعەدرێی سەر بە قەزای شێخان لەدایكبووە. لە هاوینی ساڵی 1944 كاتێك تەمەنی نزیكەی 11 ساڵ بوو، بەهۆی كۆچی دوایی باوكییەوە، لەلایەن دایەگەورەیەوە بۆ پۆستی میری كوردانی ئێزدی بەربژێركرا.

رۆژی دووشەممە 28-1-2019 میر تەحسین بەگ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.



PM:02:52:04/02/2019