جەلال جەوهەر: لەبری پرسی شەراکەت، بێ بڕوایی و بێ ئومێدی لە هەرێمدا چەسپیووە

جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان  دەڵێت"لە دوای (58)ساڵ لە جوڵانەوەی چەکداری و (27)ساڵ لە حکومڕانی، پرسی شەراکەتی سیاسی نەک هەر نەچەسپاوە لە کوردستانی عێراق، بەڵکو بێ بڕوایی و بێ ئومێدی بە پرسی کورد و جوڵانەوەی کورد جێگای گرتەوە".
دوای ماوەیەکی زۆر بێدەنگی، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن و سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکومەتی لە نووسینێکدا بەناونیشانی " شەراکەتی سیاسی لەجوڵانەوەی چەکدارییەوە بۆ حوکمڕانی" دەڵێت" دوای ئەو هەمو کارەسات و ماڵوێرانیە، لە قوربانی گیانی و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، پارتی و یەکێتی کامیان هەڵدەبژێرن؟ پڕۆسەیەکی سیاسی و تەندروست و بێ غەل و غەش و شەراکەتێکی راستەقینەی سیاسی، یان کارەسات و ماڵوێرانی و هەرەسێکی تر".

دەقی وتارەکەی جەلال جەوهەر

شەراکەتی سیاسی لەجوڵانەوەی چەکدارییەوە بۆ حوکمڕانی
1- شەراکەتی سیاسی لە جوڵانەوەی چەکداریدا
لەناو شۆڕشی چەکداریدا لە کوردستان شتێک نەبوە بەناوی شەراکەتی سیاسی راستەقینە، لەبەر هۆکاری خۆیی و ناوخۆی جوڵانەکەوە، و جیاوازی زۆر و بێ بڕوایی لایەنەکان بەکاری پێکەوەیی و هاوبەشی سیاسی و لە بەر کاریگەری فاکتەری دەرەکی و بابەتی بەسەر کورد و جوڵانەوەکە.
لەبەر ئەم هۆکارانە بو جوڵانەوەی میللەتی کوردی توشی دو شکستی مێژویی بون لە ساڵی (1975و 1988)
راستە جوڵانەوەی چەکداری لە کوردستاندا داواکانیان، داوای دیموکراسی بوون، بەڵام لەنێوخۆیاندا هەرگیز بڕوایان بەکاری پێکەوەیی و هاوبەشی و دیموکراسی نەبوو، هەر لەبەر ئەم هۆکارانە بوو جوڵانەوەی چەکداری لە کوردستان و بەهۆیەوە میللەتی کوردیش تووشی دو شکستی مێژوویی بوون لە ساڵی (1975و 1988).

دوای شکستەکان و لە کاتی بەسەرچودا، بیرۆکەی هاوبەشی هاتە پێشەوە، لایەنەکان بە ناچاری پەسەندیانکرد و بەرەی کوردستانی پێکهات.
ئەزمونی پێکەوەیی و هاوبەشی لەو قۆناغەدا، راپەرین و هەڵبژاردنەکان (بە کەم و کوڕی زۆرەوە) و دروستکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە. بەڵام تەمەنی ئەم پێکەویی و هاوبەشیە زۆر کورت بوو. لەبەر دەمارگری حیزبی و دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم دەمارگیریە.

هەر بۆیە شەڕ و ململانێی توندی حیزبایەتی لە کوردستان رێگەی نەدا شەراکەتی سیاسی بە شێوازێکی تەندروست لەدایک بێت و دەرگای هاوبەشی سیاسی بەڕوی هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەکاندا بکرێتەوە.

2-شەراکەتی سیاسی لە سەردەمی حوکمرانیدا
شەراکەتی سیاسی بەشێوەیەکی گشتی شێوازێکە لە کاری پێکەوەیی و هاوپەیمانی لە نێوان چەند لایەنێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، لەپێناو بەجێ گەیاندنی ئامانج و بەرژەوەندی (نیشتیمانی، سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، مرۆیی، خزمەت گوزاری، چاکسازی و گۆڕانکاری) ئەو چەند لایەنە، بەجۆرێک هەر لایەک بە ئەندازەی سەنگی خۆی شوێنی دیاریکراو خۆی هەبێ لەو هاوپەیمانیە و ئەو لایەنانە پاندبن بە ناوەڕۆکی ئەو هاوپەیمانیەوە و هەمو لایەنەکان بەیەکەوە بڕیار لە پرسی سیاسی و ئابوری و دارایی و کارگێریەکان بدەن و بەیەکەوە روبەڕوی ئاڵنگاریەکان ببنەوە و تەحەمولی مەسئولیەت بکەن.

دیارە لێرەدا باسی ئەو شێوازە لە شەراکەت دەکەین کە پێکدێت و دروستکردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەسەڵاتەکانی تر، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و هەرێم و ئیدارات.

شەراکەتی یەکەمی سیاسی لەسەردەمی خەباتی مەدەنیدا
شەراکەتی یەکەمی سیاسی لەنێوان هاوڵاتیان (دەنگدەران) و لایەنە سیاسیەکانەوە دەست پێ دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بە پێی ئەو گرێبەستەی هەیە )دەستور) بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتەکان.

بەپێی ئەزمونی (27) ساڵی رابردوو، لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عێراق، هێز و لایەن دەسەڵاتداراەکانی هەرێم نەک هەر پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستە و شەراکەتەوە بەڵکو وێنەیەکی زۆر ناشیرین و خراپیان نمایشکرد لە شەڕ و تەزویر و ساختە و پێشێل کردنی شەراکەت لە هەڵبژاردنەکان و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

دۆخی شەراکەتی سیاسی یەکەم لە عێراقیش هەر جێگەی شەرمەزاریە، بەهۆی نەبونی سەربەخۆیی لە هەڵبژاردنەکان و بەهۆی ئەو هەموو ساختە و تەزویرە بێ سنورە و دەستکاری کردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە لایەن دەسەڵاتداران لە عێراق.

پێشێلکردن و ئەتکردنی ئەو گرێبەستە(دەستور) لە نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتداران بوو بە دایک و سەرجەم گەندەڵیەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرئەنجام بەهۆی ساختە و تەزویر و دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان زۆربەی هەرە زۆری هاوڵاتیان و دەنگدەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان نائومێد و بێ بڕوا کرد بە پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکان و بەهێز و لایەنە سیاسیەکان و سەرکردەکانیان، چاکتر و نزیکترین بەڵگەش بەشداری نەکردنی (75%)ی دەنگدەرانە، لە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق(12/5/2018) و هەرێمی کوردستان (30/9/2018).
شەراکەتی سیاسی نەک هەر نەچەسپاوە، بەڵکو بێ بڕوایی و بێ ئومێدی جێگای گرتوەتەوە
هەڵبەت شەراکەتی سیاسی لە سایەی سیستمی دیموکراسی لە دایک دەبێ، نەبونی شەراکەتی راستەقینەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەویش بۆ خۆی دەلیلێکی ترە کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق شتێک نیە بە ناوی پڕۆسەی سیاسی تەندروست و دیموکراسیەت، ئەوەی لە هەرێم و عێراق هەیە تەنیا پیادەکردنی بەشێکی زۆر کەمە لە بنەماکانی دیموکراسیەت بە عەیب و عار و کەمو کوڕیەکی زۆرەوە، ئەمیش تاقیکردنەوەیەکی تری هێز و لایەنە سەرەکیەکانە لە پرسی بڕوابون بە کاری هاوبەش و پێکەویی و دیموکراسیەت.

لە دوای (58)ساڵ لە جوڵانەوەی چەکداری و (27)ساڵ لە حکومڕانی، پرسی شەراکەتی سیاسی نەک هەر نەچەسپاوە لە کوردستانی عێراق، بەڵکو بێ بڕوایی و بێ ئومێدی بە پرسی کورد و جوڵانەوەی کورد جێگای گرتەوە.
شەراکەتی راستەقینە یان ماڵوێرانی و هەرەسێکی تر
دوای ئەو هەمو کارەسات و ماڵوێرانیە، لە قوربانی گیانی و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، پارتی و یەکێتی کامیان هەڵدەبژێرن؟ پڕۆسەیەکی سیاسی و تەندروست و بێ غەل و غەش و شەراکەتێکی راستەقینەی سیاسی، یان کارەسات و ماڵوێرانی و هەرەسێکی تر.



PM:08:18:06/02/2019