ئاسیاسێڵ هاوڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە

كۆمپانیای ئاسیاسێڵ هاوڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە و رایدەگەیەنێت "بەكارهێنانی ئامێرەكانی تەشویش و ئەو ئامێرانەی گوایە تۆڕی مۆبایل بەهێزدەكەن، زیانی زۆر گەورە بە تەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنن".

لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە، كۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئاماژەی بەوەكردووە "كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە ڕێگەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییەوە كە لە بەغدا و لەسەر داوای كۆمسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندن سازدرا، داوای لە هاوڵاتیان كرد كە خۆیان بەدووربگرن لە بەكارهێنانی ئامێرەكانی تەشویش و ئەو ئامێرانەی گوایە تۆڕی مۆبایل بەهێزدەكەن لەبەرئەوەی كە زیانی زۆر گەورە بە تەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنن و كاریگەری نەرێنی لەسەر كوالیتی تۆڕەكانی مۆبایل دادەنێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە "كۆمسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندن داوایكرد كە ڕێكاری توند بگیرێتەبەر بۆ سنووردانان بۆ هاوردەكردنی ئەو جۆرە ئامێرانە و كڕین و فرۆش پێیانەوە لە بازاڕەكانی عێراقدا، ڕاشیگەیاند كە چەندین لەو ئامێرانە دەستیانبەسەرداگیراوە لەبەرئەوەی پابەندی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی سیستمەكانی پەیوەندی نین و مەترسی زۆر گەورە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دروستدەكەن لەبەرئەوەی ئەو ئامێرانە هەڵدەسن بە گەورەكردنی سیگناڵەكان و كاریگەری خراپیان هەیە لەسەر ئامێری تەكنیكی و پزیشكی لە چەشنی ئامێری ڕێكخەری لێدانی دڵ و ئامێرگەلێكی تر كە بە ترپە یان سیگناڵی بێسیم كاردەكەن".

باسی لەوەشكردووە "كۆمپانیای ئاسیاسێڵ، بە هاوكاری لەگەڵ كۆمسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندن هەستا بە كارێكی هاوبەش كە ئەویش ئەنجامدانی ڕووپێوێكی مەیدانی بوو بۆ دیاریكردنی ئەو شوێنانەی تەشویشیان لێیە و ئامادەكردنی ڕاپۆرتی تەكنیكی تێروتەسەل لەوبارەیەوە لە پێناو دانانی سنوورێك بۆ كڕین و فرۆشتن وبەكارهێنانی ئەم ئامێرانە".



PM:02:07:10/02/2019