لەسەر دابەشکردنی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن روونکردنەوە دەدرێت

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان زانیاری لەبارەی خەرجکردنی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن لە ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا کرد.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، "دوای تەواوبوونی سەرجەم ڕێكکارەکان و دەرچوونی فەرمانی خەرجکردنی پارەی کارمەندانی گرێبەستی کۆمسیۆن بۆ ڕۆژی دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان، ئێستا دابەشکردنی پارەکە لەقۆناغی کۆتاییدایە".

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕوونیشی کردووەتەوە، "سەبارەت بە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە هەفتەی داهاتوو واتە یەكشەممە 24/2/2019، دەست بەدابەشکردنی پارەی پاداشتەکە دەکرێت لەڕێگای بانکی هەڵەبجەوە، بەپێی خشتەیەك کە لەلایەن فەرمانگی کۆمسیۆنی هەڵەبجەوە بۆیان دیاری دەکرێت بەپێی بنکە لاوەکییەکان".

بەوەش کۆتایی بە دابەشکردنی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت.



PM:10:32:15/02/2019