" وەلآمی یەکێتی بۆ پێشنیارەکەی پارتی دەبرێتەوە بەردەم مەسعود بارزانی "

ئێوارەی دوێنێ پیشنیارێکی پارتی ئاراستەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرا کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک، مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەستکاریەکی ئەو پێشنیارە دەکەن و ئاراستەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " دوای ئەوەی شەوی رابردوو پارتی لەسەر پرسی کەرکوک پێشنیارێک  ئاراستەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و بەشداریکردنی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، مەکتەبی سیاسی یەکێتی تێبینی لەسەر ئەو پێشنیارەی پارتی هەبووە، ئەمڕۆ بە دەستکاریکراوی ئاراستەی مەسعود بارزانیان کرۆدتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، کێشەی سەرەکی نێوان پارتی و یەکێتی کە ناگەنە رێککەوتن پرسی دانانی پارێزگارێکی یەکێتی یە بۆ کەرکوک، پێشنیاری شەوی رابردووی پارتیش پەیوەندی بە پرسی کەرکوکەوە هەیەو پێشنیارەکەی پارتی سەقفێکی زەمەنی دەستنیشانکراوە بۆ چارەسەکردنی پرسی پارێزگاری کەرکوک و چالاککردنەوەی ئەنجومەنەکەی.

سپی زانیوویەتی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی چاکسازی لەو پێشنیارەدا کردووە سەرلەنوێ ئاراستەی  مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیان کردۆتەوە.

ئەگەر ئەمڕۆ ١٨ ی شوبات بارزانی پێشنیارەکەی پارتی کە دوای ئەوەی یەکێتی بەدەستکاریکردنەوە ئاراستەی مەسعود بارزانی کردۆتەوە لەلایەن ناوبراوەوە پەسەندبکرێت، ئەوا پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ ١٨ ی شوبات رێککەوتن واژوو دەکەن و پەرلەمانتارانی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن، بە پێچەوانەشەوە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەبێ یەکێتی بەڕێوە دەچێت و پشکی یەکیتی بە چۆڵی جێدەهێڵریت. 



AM:10:38:18/02/2019