کەمال کەرکوکی: دەمانەوێت کەسێکی بێلایەن بکرێتە پاڕیزگاری کەرکوک

لە کاتێکدا ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی کەرکوک لە لوتکەدایە، کەمال کەرکوکی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پارێزگارێکی بێلایەن بۆ کەرکوک دابنرێت.

کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی رووداو، لەبارەی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند "کۆبوونەوەکە لەسەر داوای برایانی یەکێتی بوو، بەڵام ناکۆکی هەبووە لەلایەن پێکهاتەکان و بەشێکی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، دیارە رێژەی یاساییش تەواو نەبوو، بۆیە کاک رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەن بەوەکالەت، داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەی کرد بۆ ئەوەی تەوافوقێک دروست ببێت و لە کاتێکی دیکەدا گشتیان کۆببنەوە".

لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، کەمال کەرکووکی وتی "ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 41 ئەندام پێکدێت، کە 26ـیان لە لیستی برایەتین کە لایەنە کوردستیانییەکانن، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی دەنگی لیستی برایەتییە و ئەو بەڕێزانە لەنێو ئەو ئەنجوومەنە بڕیاردەدەن کێ ببێتە پارێزگاری کەرکووک، ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بۆچوونمان ئەوەیە: پارێزگاری کەرکووک کەسێکی بێلایەن بێت و لایەنەکان لەسەری رێکبکەون، لەنێویشیان یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی کەرکووک بکات نەوەک حیزبێکی دیاریکراو". 

کەمال کەرکووکی هەروەها وتی "سەبارەت بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئێمە وەکو پارتی تاوەکو ئەم خولەکە کەرکووک بە داگیرکراو دەزانین، دەمانەوێت دۆخی کەرکووک ئاسایی ببێتەوە و پارتی بگەڕێتەوە کەرکووک و بارەگاکانی وەربگرێتەوە، پاشان ئەنجوومەنەکە لە کەرکووک دەستبەکار بێت و ئەوکاتیش پارێزگارێک هەڵبژێردرێت".




PM:01:58:18/02/2019