شاخەوان عەبدوڵڵا: کێشەی بەشدارینەکردنی یەکێتی دابەشکردنی پۆستەکانە

شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی پێیوایە کێشەی بەشدارینەکردنی یەکێتی دابەشکردنی پۆستەکانە و ڕایگەیاند "دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان سەرکردە کەرکووکییەکان و ماڵی مام جەلال و کۆسرەت ڕەسوڵ کێشەی لەسەرە"

شاخەوان عەبدوڵڵا، سەبارەت بە بەشدارینەکردنی پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان کە تیایدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا دەڵێ "گەورەترین بەربەست لەبەردەم یەکێتی رازیکردنی باڵەکانی یەکێتییە لەشێوازی دابەشکردنی پۆستەکان".

ناوبراو کە نووسینێکی لەمبارەیەوە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بۆ ڕازیکردنی باڵەکانی حزبەکە، لەنێو یەکێتیدا "بڕیاردرا بۆ رازیکردنی ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی کەخەڵکی کەرکووکن پۆستێکی بەغدا و پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان پێ بدەن و ماڵی مام جەلال و کۆسرەت رەسوڵ ئەوانی سلێمانیش لەحکوومەتی هەرێم پۆستیان پێ بدرێت و رازی بکرێن".

بەوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا سەرکردەکانی یەکێتی یەکێتی هەتا کۆبوونەوەی دوێنێ سەرکەوتوو نەبوون لە دەستنیشانکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان چونکە "مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەیان وتووە ئەگەر بێگەرد تاڵەبانی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان ئەوە دەبێت قوباد تاڵەبانی دەستبەرداری پۆستی جێگری حکوومەت بێت و ئەوکات هەریەک لە حاکم قادر یان دەرباز کۆسرەت ڕەسول دەبنە بەربژێری یەکێتی بۆ ئەو پۆستە و لەلایەکی ترەوە ئەندامانی کەرکووکیش داوایان کردووە پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان بۆ زامن بکەن ئەگینا بەهیچ بڕیارێک رازی نابن".

ناوبراو لە نووسینکەیدا ڕەخنەی لە یەکێتی گرتووە بەهۆی ئەوە لە میدیاکانییەوە باس لە ئەوە دەکات کە بەهۆی ئەوەی یەکێتی خەمی کەرکووکیەتی بۆیە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان نەکردووە دەشپرسێت" ئەمڕۆ کەرکووکییەکان چەند پرسیارێک لەیەکێتی دەکەن و دەڵێن ، باشە ئەگەر ئێوە ئەوەندە خەمخۆری کەرکووکن بۆچی داتان بەدەست بێگانە ، ئایا ئەوە ساڵ و نیوێکە کەرکووک داگیرکراوە بۆ خەمێکتان لە ئاسایکردنەوەی نەخوارد ئەمڕۆ لە ١٨ ی شوبات خەمی لێدەخۆن؟".

شاخەوان عەبدوڵڵا لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا بە سەرکردەکان یەکێتی دەڵێ" هیچ شەرم مەکەن داوا لە پارتی بکەن مەجالێکتان پێ بدات تا ئەو کاتەی لەنێوان خۆتان رێکدەکەون پۆستەکان بە باشی دابەش بکەن نەک خۆڵ بکەنە چاوی کەرکووکییەکان و بەکەم عەقڵ تەماشایان بکەن".


AM:10:13:19/02/2019