ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایكە

٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک لەلایەن ڕێکخراوی کلتووریی نه‌‌ته‌‌وه‌‌ یه‌‌کگرتووه‌‌کان "یونسکۆ"وه ‌‌بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک دەستنیشانکراوە، سەرەڕای یادكردنەوەی ئەو ڕۆژەش لە كوردستان، بەڵام تا ئێستا كورد زمانی ستاندار و یەكگرتووی نیە.

مێژووی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ٢١ی مانگی شوباتی ساڵی ١٩٥٢، کاتێک پۆلیسی پاکستان به ‌‌فه‌‌رمانی ده‌‌وڵه‌‌ت ته‌‌قه‌‌ی له ‌‌ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی بە ڕەگەز بەنگلادیشی کرد، کە مانگرتنیان بۆ بەکارهێنانی زمانی بەنگالی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی پاکستاندا ڕاگەیاندبوو، له‌‌ ئه‌‌نجامدا چه‌‌ندین خوێندکار گیانیان له‌‌ده‌‌ستدا.

دوای ئەو ڕووداوە و لە ساڵی ١٩٩٩ به‌‌ ئامانجی ڕێزگرتن و به‌هابه‌خشین به‌‌ زمانه‌‌کانی سه‌‌رجه‌‌م‌ نه‌‌ته‌‌وه‌‌کانی جیهان، ڕێکخراوی کلتووریی نه‌‌ته‌‌وه‌‌ یه‌‌کگرتووه‌‌کان 'یونسکۆ'‌‌‌‌ ڕۆژی ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک 'زگماکی' ده‌‌ستنیشان کرد‌‌.

زمان بە پێناسەی هەر گەلێك یا نەتەوەیەك دادەنرێت، لە ڕێگەیەوە شوناس و کلتوور و فەرهەنگی نەتەوەکان دیاری دەكرێت، نەتەوەی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان بە چوار زاراوەی سەرەكی قسە دەكەن كە بریتین لە ("زاراوەی کرمانجی باکور (کرمانجی)": بایەزیدی، هەکاری، بۆتانی، شەمدینانی، بەهدینانی، زاراوەی ڕۆژئاوا، "زاراوەی کرمانجی ناوەڕاست (سۆرانی)": موکریانی، سۆرانی، ئەردەڵانی، سلێمانی و گەرمیانی، "زاراوەی کرمانجی خواروو (لوڕ)": لوڕی ڕەسەن، بەختیاری، مامەسەنی، کۆهگڵۆ، لەک و کەلهوڕ، "زاراوەی گۆران": گۆرانی ڕەسەن، هەورامانی، باجەڵانی و زازا).

ئەگەرچی كورد خاوەنی زمانێكی ستانداردی یەكگرتوو نیە، بەڵام سەرەڕای قەدەغەكردن و نكوڵیكردن لە بەكارهێنانی زمانی كوردی لە هەندێك بەشی كوردستان، زمانی كوردی كاڵ نەبۆتەوە تا ئەم سەردەمەش پەرەی بەخۆی داوە.

لە باشوری كوردستان دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی زمانی كوردی وەك زمانی دووەم لە عێراق دان پێدانراوە، بەڵام تا ئێستا لە تورکیا و ئێران سوریا زمانی كوردی دان پیدانەنراوە.


AM:09:33:21/02/2019