زیانلێکەوتووانی لافاوەکە قەرەبوو دەکرێنەوە

ئەندامێكی كوردی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" لە چەند ڕۆژی داهاتوو پارەی قەرەبووكردنەوەكە وەردەگرن".

ئارەزوو مەحموود, ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی وشەی راگەیاند " لە نزیكەوە سەردانی ئەو ناوچانەمان كردووە كە بەهۆی لافاوەوە زیان بە ماڵ و هاووڵاتییان گەیشتبوو، بە تایبەت لە سنووری ناوچەكانی رانییە و سۆران'.

ناوبراو وتیشی " لە سنووری رانییە كە دۆڵی خانەقا ژمارەیەكی زۆر ماڵ كە ١٦٠ ماڵ بوون، زیانیان بەركەوتبوو, داوامان لە قایمقامی رانییە كرد لە ڕێگەی راپۆرتێكەوە زیانەكان بخەمڵێنرێن و دواتر ڕەوانەی ئێمەی بكەن تا وەك لیژنە بیدەین بە لایەنی پێوەندیدار لە حكوومەتی بەغدا."

ئارزوو مەحموود روونیكردەوە، لە چەند ناوچەیەكی شارۆكەی سۆران، زیانێكی زۆر بەر ماڵەكان گەیشتووە و بەپێی ڕاپۆرتی بەردەستمان ١٨٠ ماڵ زیانیان كردووە و ئەوانیش رەوانەی بەغدا كراوە بۆ قەرەبووكردنەوەیان.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە, بڕیاربوو هەفتەی پێشوو ئەو قەرەبووكردنەوە بەسەر زیانلێكەوتووان دابەش بكرێت, بەڵام بەهۆی چەند رێكارێكەوە ئەو پارەیە دابەش نەكرا, بۆی بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو پارەی قەرەبووكردنەوەكە ڕەوانە بكرێت و بدرێتە هاووڵاتییانی ئەو دوو ناوچەیە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن ئای گەیاند كە لە هەرێمی كوردستان تەنیا ئەو دوو ناوچەیە بەهۆی لافاو و بارانەوە زیانیان پێ گەیشتبوو.

لە بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق، بڕی نزیكەی ٤٠٠ ملیار دینار وەك قەرەبوو دانراوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی كارەساتە سروشتییەكانەوە زیانیان بەردەكەوێت.
 
 



PM:11:32:23/02/2019