ئاسایش دەستگیركردنی‌ "تیرۆریستێك"ی ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەستگیركردنی تیرۆریستێك لە قەزای دەربەندیخان رادەگەیەنێت و ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە "ئەو تیرۆریستە پێشتر لەگەڵ داعش بەرەو وڵاتی سوریا هەڵهاتووە".

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە، "دوای كۆكردنەوەی زانیاری ورد لەسەر بوونی تیرۆریستێك بەناوی خالد حسێن تەها حەمید كە دوای تێكشكاندن و پەرتەوازەبوونی داعش بۆ خۆحەشاردان بە ناسنامەی ساختەوە هاتۆتە هەرێمی كوردستان و لە سنووری قەزای دەربەندیخان نیشتەجێبووە، هێزەكانمان ئەو تیرۆریستەیان دەستگیركرد".

ئەوەش روونكراوەتەوە، لە كاتی لێكۆڵینەوەدا ئەو تیرۆریستە دانی بەوەدا ناوە كە لەساڵی 2005ەوە پەیوەندی بەتاقمە تیرۆریستییەكانی (كتائب پورە العشرین و القاعدە) كردووەو لە چەندین كردەوەی تیرۆریستیدا بەشدار بووە، تەنانەت لەكاتی دانانی بۆمبێكدا بۆ هێزەكانی هاوپەیمانان لەشارۆچكەی شارەبان بۆمبەكە پێیدا تەقیوەتەوەو چاوێكی لەدەستداوە.

ئاسایشی گەرمیان ئاشكرایدەكات، لەكاتی سەرهەڵدانی داعش، ئەو تیرۆریستە بەیعەتیداوەو بۆماوەیەكیش لەسنووری حەمرین بووەو دواتر چووە بۆ موسڵ، پاش تێكشكانی داعش بۆ وڵاتی سوریا هەڵدێت، پاشان بە ناسنامەی ساختەوە بۆ خۆحەشاردان هاتۆتە سنووری(مەیدان)ی سەر بە شارۆچكەی دەربەندیخان و نیشتەجێبووە.



PM:02:02:25/02/2019